رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارە نوێیەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ساڵی 2025، تورکیا لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین داواکاریی ڤیزەی شنگنیان پێشکێش کردووە، لە کاتێکدا رێژەی رەتکردنەوەی داواکارییەکانیش بەراورد بە پار کەمێک بەرزبووەتەوە.
بەپێی داتاکانی یەکێتیی ئەورووپا، لە ساڵی 2025ـدا ژمارەی داواکارییەکانی تورکیا بۆ وەرگرتنی ڤیزەی شنگن گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 268 هەزار و 376 داواکاری. بەمەش تورکیا لە دوای چین دێت، کە بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 811 هەزار داواکاری لە پلەی یەکەمدایە، هیندستانیش بە پلەی سێیەم دێت.
لە کۆی ئەو داواکارییانەی هاووڵاتییانی تورکیا پێشکێشیان کردووە، یەک ملیۆن و 72 هەزار و 54 داواکارییان پەسند کراون. لەو ژمارەیەش 736 هەزار و 556یان ڤیزەی "چەندجار چوونەژوورەوە" (Multiple) بوون.
داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رێژەی رەتکردنەوەی ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 14.6٪، ئەمەش بەراورد بە پێرار 0.1٪ زیادیکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2023دا رێژەی رەتکردنەوەکە زۆر بەرزتر بوو کە 16.1٪ بوو.
هاووڵاتییانی تورکیا بۆ وەرگرتنی ڤیزەی شنگن، زیاتر روویان لە کۆنسووڵخانەکانی یۆنان کردووە. لە ساڵی 2025ـدا 310 هەزار و 920 داواکاری پێشکێش بە یۆنان کراوە، لە دوای ئەویش ئەڵمانیا بە پلەی دووەم و فەرەنسا بە پلەی سێیەم دێن. لە بەرامبەردا لاتیڤیا کەمترین داواکاریی تورکەکانی بۆ چووە کە تەنیا هەزار و 828 داواکاری بووە.
لە ساڵی 2025ـدا، لە سەرانسەری جیهاندا 11 ملیۆن و 934 هەزار و 106 داواکاریی ڤیزەی شنگن پێشکێش کراون، کە 10 ملیۆن و 22 هەزار و 610 ڤیزەیان دراونەتە داواکاران.
فەرەنسا بە وەرگرتنی زیاتر لە 3 ملیۆن داواکاری، لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دایە کە زۆرترین داواکاریی ڤیزەی بۆ چووە، ئیسپانیا و ئەڵمانیاش لە پلەکانی دووەم و سێیەم دان. سەبارەت بە رەتکردنەوەی ڤیزەش، وڵاتی "دوورگەکانی قەمەر" بە رێژەی 55٪ لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین داواکاریی هاووڵاتییانی رەتکراوەتەوە.
بۆچی تورکیا لە ڤیزە نابەخشرێت؟
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنقەرە بۆ بەخشینی هاووڵاتییانی لە ڤیزەی شنگن، بەڵام پرۆسەکە بەهۆی جێبەجێنەکردنی شەش مەرج لە کۆی 72 مەرجەکەی یەکێتیی ئەوروپا
پەکیکەوتووە.
ئەو مەرجانەی تورکیا هێشتا جێبەجێی نەکردوون بریتین لە:
1. گۆڕانکاری لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
2. واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ پۆلیسی ئەوروپا (یۆرۆپۆڵ).
3. جێبەجێکردنی پێشنیازەکانی گرووپی (GRECO) بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
4. گونجاندنی یاسای زانیارییە کەسییەکان لەگەڵ ستانداردە ئەوروپییەکان.
5. هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە پرسە تاوانکارییەکاندا.
6. جێبەجێکردنی رێککەوتنی وەرگرتنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان (GKA).
تاوەکو ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، یەکێتیی ئەوروپا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ بەخشینی تورکیا لە ڤیزە نانێت و تەنیا کار لەسەر ئاسانکاریی پێدانی ڤیزەی چەندجارە بۆ ئەو کەسانە دەکات کە پێشینەیەکی باشیان لە بەکارهێنانی ڤیزەدا هەیە.
