رووداو ـ هەولێر
گرووپێک لە زانایان، ملیاردێران و خاوەن پیشەسازییە گەورەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە وەڵامی پەتای جیهانیی کۆڤید-19 لای ئەوانە، وەک لە دۆکۆمێنتێکی گرووپەکەدا دەردەکەوێت، ئەوان پلانێکیان لە چوار قۆناخدا بۆ تێكشكاندنی پەتاکە و ئاساییکردنەوەی دۆخی ژیان ئامادەکردووە، کە رێگەیەکی بۆ گەیشتن بۆ کۆشکی سپیش دۆزیوەتەوە.
گرووپەکە ناویان "زانایان لەپێناو وەستاندنی کۆڤید-19"یە، کە بایۆلۆجیستی کیمیایی، بایۆلۆجیستی سیستەمی بەرگریی لەش، بایۆلۆجیستی دەمارنناس، پسپۆڕی شێرپەنجە، پسپۆڕی کۆئەندامی هەرس، پەتاناس و زانای ئەتۆمی تێدایە. مایکڵ رۆسبەش، براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشکیی 2017 و ئەندامانی پڕۆژەکە، لەبارەی پلە و نێوبانگی بەشداربووانی پڕۆژەکە بە رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریکی دەڵێت "گومانت نەبێت، ئەوەی لە هەمووان کەمتر شایستەی ئەو شوێنە بێت منم".
لە سەرەتای دۆکۆمێنتە 17 لاپەڕەییەکەی پلانی گروپەکەدا هاتووە "ئێمە گرووپێک لە هاووڵاتی و زانای خوێنگەرمین کە چوار پرۆپۆزەڵی کرداری و ناحیزبی دەخەینەڕوو، بۆ ئەوەی لە کورتترین ماوەدا چارەسەر و ڤاکسینی تەندروست و کاریگەر بەرهەمبێنین.. تاکە هاندەری ئێمە یارمەتیدانی ئەو هەڕەشە جیدییەیە کە بەرۆکی گەلی خۆمان و هەموو جیهانی گرتووە".
چوار پرپۆزەڵی گرووپەکە بەم شێوەیەن:
یەکەم: دەرمانێکی ئەنتیڤایرۆسی دیکە بە خێرایی بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆڤید-19 بەکاربهێنرێت.
دووەم: خێراکردنی پڕۆسەی دروستکردنی دەرمانی دژەتەن بۆ چارەسەری تووشبووان و پاراستنی تووشنەبووەکان لە کورتخایەندا
سێیەم: لە ماوەیەکی کورتدا ڤاکسینی کۆڤید-19 دروستبکرێت، کە بە سەرکەوتنە درێژخایەنەکە بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا لەقەڵەم دەدرێت.
چوارەم: کردنەوەی بازاڕ و خوێندنگەکان بە شێوازێک کە لە داهاتوودا مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتا و مردنی خەڵک کەمبکاتەوە.
زۆربەی پێشبینییەکان باس لەوە دەکەن کە دروستکردنی ڤاکسینی کۆڤید-19 لە باشترین سیناریۆدا لەنێوان 12 بۆ 18 مانگی پێویستە. سەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمپانیای دەرمانسازی گیلیەد رایگەیاند پێشکەوتنی بەرچاو و خێرایان لە دۆزینەوەی ئەنتیڤایرۆسی کۆڤید-19دا بەدەستهێناوە. بەڵام توێژینەوەکانی دوو نەخۆشخانەی چینی دەریدەخەن ڤاکسینەکەی گیلیەد رێژەی سپێرمی لە 28 مشکی نێردا کەمکردووەتەوە و پێکهاتەی سپێرمەکەشی گۆڕیوە.
گرووپی زانایان "زانایان لەپێناو وەستاندنی کۆڤید-19" لایەکەوە لەنێوان کۆمپانیاکانی دەرمانسازی و ئیدارەی ئەمریکیدا پەیوەندی دروستدەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە پێداچوونەوە بۆ ئەو توێژینەوانە دەکەن کە لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کراون، کە بە سارس- کۆڤ-2 ناسراوە. گرووپەکە لە پێشەکی دۆکۆمێنتەکەیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان هیچ قازانجێکی هاوبەشیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و لایەنانە نییە کە لە دۆکۆمێنتەکەدا پێشنیازی دەرمان و چارەسەرەکانیان کراوە.
بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکی پشت بە ملیاردێرەکان دەبەستن، وەک چۆن راپۆرتە 17 لاپەڕەییەکە لەلایەن ملیاردێرێکەوە کۆپیکرا و وێنەیەکی بۆ گۆڵدمەن ساکس نێردرا و ئەوانیش رادەستی ستیڤ منووچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکایان کرد.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی جۆرناڵ، پزیشێکی تەمەن 33 ساڵان بەناوی تۆم کاهیل سەرۆکایەتی گرووپەکە دەکات، کە لە خانوویەکی بچووکی کرێ لە بۆستن دەژیت. کاهیل تەنیا یەک چاکەت و پانتۆڵی هەیە، بەڵام بەهۆی پەیوەندییەکانییەوە کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی کۆشکی سپی هەیە.
یەکێک لەو دەرمانانەی کە گرووپە لە چوارچێوەی پرۆپۆزەڵی یەکەمیاندا پێشنیازی دەکەن رێمدسڤیرە، کە دەرمانێکی دژەڤایرۆسە و کۆمپانیای (گیلیەد ساینسز) بەرهەمیهێناوە. گرووپەکە داوادەکەن حکومەتی ئەمریکا هاوئاهەنگی لەگەڵ گیلیەد بکات، بۆ ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیاکە یەکسەر بۆ حکومەتیش بێت، نەک ئەوەی هەموو جارێک چاوەڕێی پێشکەشکردنی فۆرمی نوێی دەرمان بکەن، لەبەرئەوەی زۆربەی جاران ئامادەکردن و تێپەڕاندنی ئەو فۆرمانە چەند مانگێکی دەوێت، هاوکات داواش دەکات رێگە بە کۆمپانیاکانی دیکەش بدرێ ئەو دەرمانە بەرهەمبێنن.
لە 18ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی زنجیرە پشکنینێکی راگەیاند کە تێیدا گرووپێک لە رێگەی رێمدسفیر چارەسەریان بۆ دەکرێت. لە پشکنینێکی بچووکی دیکەی دەرمانەکە لەسەر مەیموونی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوتووە ئەو دەرمانە رێگە لە گەشەی ڤایرۆسەکە لە گیانی تووشبووەکە دەکات. سەرەڕای هەموو ئەوانە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بڕیاردان لەسەر کاریگەربوونی دەرمانەکە پێویستی بە پشکنینی هەڕەمەکی زۆرە.
گرووپەکە پێیوایە یەکەمجار دەبێت دەرمانی 200 میلیگرام بەکاربهێنرێت و دواتر بۆ ماوەی 5 تاوەکو 10 رۆژ بۆ 100 میلیگرام کەمبکرێتەوە، پێشنیازیش دەکات دەرمانەکە لەو تووشبووانەی نیشانەکانیان لێدەرکەوتووە لە قۆناخێکی زووتردا بەکاربهێنرێت.
فرانسیس کۆڵینس، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی بە گۆڤاری (پیپڵ)ی ئەمریکی راگەیاندووە کە لەگەڵ زۆربەی پێشنیازەکانی راپۆرتە 17 لاپەڕەییەکەدا کۆکن. راپۆرتەکە رادەستی حکومەتی ئەمریکا و لە سەرووی هەموویانەوە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی هێزی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای ئەمریکا کردووە. لە یەک مانگی رابردوودا کاهیل و گرووپەکەی لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە راوێژی زۆریان پێشکێشی نیک ئایەرز، راوێژکاری مایک پێنس کردووە.
بۆ پرۆپۆزەڵی دووەمیان، گرووپەکە پێشنیازی هەردوو کۆمپانیای ریجینیرۆن فارماسیۆتیکڵز و ڤیر بایۆتێکنۆلۆجی دەکات، ئەزموونی پێشتر لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا پیشانیداوە "دەتوانن لە کاتێکی کورتدا ئەو چارەسەرانە دروستبکەن". راپۆرتی زاناکان پێیوایە ئەگەر حکومەت لە کورتکردنەوەی پڕۆسەکەدا یارمەتیدەریان بێت، ئەوە ئەم دوو کۆمپانیایە دەتوانن لە مانگی حوزەیراندا بگەنە تاقیکردنەوەی دژەتەنەکان لەسەر مرۆڤ و لە هاوین یان پاییزی ئەمساڵدا مۆڵەتی بەرهەمهێنان وەربگرن.
دوو ساڵ لەمەوبەر کاهیل لە زانکۆی دیووکی ئەمریکی خەریکی خوێندنی دوکتۆراکەی و توێژینەوە لەسەر نەخۆشییە جینەتیکییە دەگمەکان بوو، ئەوکات پێیوابوو تاوەكو کۆتایی ژیانی هەر لەو کارەدا دەمێنێتەوە. بەڵام هاوڕێیەکی کۆنی لە کۆمپانیای وەبەرهێنانی باوکی بەناوی راپتەر گرووپ دایمەزراند. لەوکاتەدا بوو کە کاهیل گەیشتە ئەوەی ئەگەر زانای شایستە بدۆزێتەوە و کێشە زانستی و داراییەکانیان بۆ چارەسەر بکات، خزمەتێکی گەورەتر دەکات لەوەی خۆی خەریکی توێژینەوەی زانستی بێت.
هەر بۆیە دوای ماوەیەکی کورت سندوقێکی بەناوی نیوپاس پارتنەرز دامەزراند، کە تێیدا کۆمەڵێک دەوڵەمەندی گەورە وەبەرهێنانیان کرد. لە سەرەتای ئاداری ئەمساڵ کاتێک ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستداوانی ڤایرۆسەکە بە خێرایی رووی لە هەڵکشان کرد، کاهیڵ هەستیکرد لە کۆی ئەو دیبەیتەی لەبارەی کۆڤید-19ەوە هەیە، زانست شوێنێکی ئەوتۆی نییە.
کاتێک کاهیل قۆڵی لە پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا هەڵماڵی، چاوەڕێی دەکرد تەنیا سەرنجی 20 وەبەرهێنەر راکێشێت، بەڵام کاتێک ڤیدیۆکۆنفرانسی بۆ وەبەرهێنەران رێکخست، بۆی دەرکەوت ناتوانێ هەمووان بێنێتە ناو کۆنفرانسە ڤیدیۆییەکەوە، چونکە ژمارەیان لە 20 کەس زیاترە.
پاراستنی پڕۆژەیەکی لەوجۆرە لە یاری و هەڵای سیاسی کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەتیش لە ساڵێکدا کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەیە و ململانێ بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا باڵی بەسەر ئەو مشتومڕانەشدا کێشاوە کە سەبارەت کۆڤید-19ەوە هەن، وەک چۆن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوادەکات ناوی ڤایرۆسەکە بۆ "ڤایرۆسی چینی" یان "ڤایرۆسی وۆهان" بگۆڕدرێت یان لەولاوە پێشنیازی دەرمانی مەلاریا بۆ چارەسەری تووشبووانی کۆڤید-19 دەکات.
گرووپەکە پێشنیازی ئەوەیان کردبوو ناوی ڤایرۆسەکە بۆ سارس-2 بگۆڕن، ئەوەش لەبەرئەوەی ناوەکەی ترس دەخاتە دڵی خەڵکەوە و ناچاریان دەکات رێنماییە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگرن. لەکۆتاییدا پێشنیازەکە رەتکرایەوە. گرووپەکە دەرمانی مەلاریاشی رەتکردووەتەوە. وەک چۆن لەگەڵ ئەوەش نین پشکنینی دژەتەن وەک بیانوویەک بۆ گەڕانەوەی چاکبووەکان بۆسەر کارەکانیان بەکاربهێنرێت، چونکە ئەو جۆرە خەڵکە دەکرێت کەسانی دیکە تووش بکەن.
پرپۆزەڵی سێیەم قۆناخی یەکلاکەرەوەی ململانێیەکانی زانست و کۆڤید-19 لەخۆدەگرێت، کە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی ڤاکسینی پەتاکەیە. راپۆرتەکە بەپێی مێژووی پەتا نێوخۆیی و جیهانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دۆزینەوە و پەسندکردنی ڤاکسین 6 بۆ 8 ساڵی دەوێت. ئەو پرسیارەی کە تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە ئەوەیە ئاخۆ ڤاکسینەکە وەرزی بێت وەک ڤاکسینی ئەنفلوانزا یان بۆ ساڵانێکی دووردرێژ بێت وەک ڤاکسینی سوورێژە.
راپۆرتەکە پێیوایە ئەگەر ئەنجوومەنێکی خاوەن دەسەڵات بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگی خێرا و کاریگەر لەنێوان هەوڵەکانی دۆزینەوەی ڤاکسینەکەدا دروستبکرێت، ئەوە لە ئاداری 2020 تاوەکو ئاداری 2021 قۆناخی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە دەبێت و دوای ئەوە قۆناخی بەکارهێنانی دەستپێدەکات، هەڵبەت ئەگەر رێنمایی تایبەت بەو قۆناخە دابنرێت و شەفافییەتێکی بێوێنە لە کۆی پرۆسەکەدا هەبێت.
لە مانگی رابردووەوە رێکارەکانی داخستنی شارەکان و قەدەخەی هاتووچۆ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جێبەجێدەکرێن. راپۆرتەکە پێیوایە ئەگەرچی ئەو رێکارانە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانتری ڤایرۆسەکە پێویستن، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستە کۆمەڵگە و ئابووری ئەمریکا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، ئەگینا بژێوی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە.
بۆ کردنەوەی بازاڕ و ناوەندەکانی خوێندن، گرووپەکە کۆمەڵێک پێشنیاز دەخەنەڕوو:
یەکەم: هەموو کەسێک پێش دەرچوون لە ماڵ لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتی سەر مۆبایلەکەی پشتڕاستی بکاتەوە کە هیچکام لە نیشانەکانی کۆڤید-19ی نییە.
دووەم: زوو زوو پشکنین بۆ ئەو خەڵکە بکرێت کە دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن یان سەر کارەکانیان (بۆ نموونە هەفتەی جارێک)
سێیەم: سیستەمی چاودێری هەندێک لە ویلایەتەکان دەستکاری بکرێت، بۆ ئەوەی رێنماییەکانیان رێگر نەبێت لە پشکنینی بەردەوامی خەڵک.
چوارەم: کەلوپەلی خۆپارێزی وەک دەمامک و دەستەوانە بکرێتە مەرج بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر خوێندن و پیشەکانیان.



