رووداو دیجیتاڵ
ئەم بڕیارە سەرەڕای ئەوەی وەکو بڕیارێکی چارەنووسساز سەیردەکرێت بەڵام دەبێت بزانین فاکتەری دیکە زۆرن کەوا چارەنووست لە ژیاندا دیاریی دەکەن و هەڵبژاردنی بەشێک لە زانکۆ تەنها سەرەتای پرۆسەکەیە.
رۆژنامەی فۆربسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا شەش هۆکار دەخاتەڕوو کە ئەو بەشەی لە زانکۆ دەیخوێنیت کاریگەرییەکی زۆر کەمی لەسەر داهاتووت دەبێت و ناتوانیت تەنها بە هەبوونی بڕوانامەیەک گەرەنتی ژیانێکی خۆشگوزەران بکەیت.
هۆکاری یەکەم: بڕوانامە تەنها پێشمەرجێکە بۆ دۆزینەوەی کار، مەرج نییە بڕوانامەکەت پەیوەندیی بە کارەکەوە هەبێت.
بەپێی توێژینەوەیەکی بانکی فیدراڵیی نیویۆرک، تەنها 27%ی دەرچووی زانکۆ لە پیشەیەکدا کار دەکەن کە پەیوەندیی بەو بڕوانامەیەوە هەیە کە لە زانکۆ خوێندوویانە، ئەمەش دەریدەخات کە زۆرینەی کارەکان بڕوانامە تەنها وەکو پێشمەرجێک سەیردەکەن و گرنگ نییە بڕوانامەکە لە چ بوارێکدا بێت.
هۆکاری دووەم: هەندێک بواری کارکردن داهاتی زیاترە لەهەندێک بواری دیکە، بەڵام مەرج نییە بڕوانامەکەت لەو بوارەدا بێت.
واتە پێویست ناکات میدیا بخوێنیت بۆ ئەوەی ببیتە رۆژنامەنووس، یاخود سیاسەت بخوێنیت بۆ ئەوەی لە سیاسەتدا کار بکەیت،
دەکرێت کەسێک مێژوو بخوێنێت و پاشان بازرگانێکی سەرکەوتووی لێدەربچێت بێ ئەوەی بڕوانامەکەی لە بازرگانیدا بێت.
هۆکاری سێیەم: ئەوەی گرنگە بۆ وەرگرنتی کار ئەزموونە.
لە زانکۆوە لەو بوارەدا کار بکە کە حەزت لێیەتی ئەگەر لەگەڵ بڕوانامەکەشتدا یەک نەگرێتەوە، چونکە ئەوەی لە کۆتاییدا رۆڵ دەبینێت ئەزموونە و نەوەک بڕوانامە.
هۆکاری چوارەم: شارەزایی و پسپۆڕیی رۆڵ دەبینن بۆ وەرگرتنی کار.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریتی ئەمریکی، 93%ی خاوەن کارەکان کارمەند لەسەر بنەمای زوو تێگەیشتن و خۆگونجاندن و توانای کارکردن بە تیم وەردەگرن، واتە توانا کەسییەکان لە بڕوانامە گرنگترن و هەوڵبدە پەرەیان پێبدەیت.
هۆکاری پێنجەم: ئەوانەی ئارەزوویان بۆ کارێک هەیە باشتر فێردەبن و پێشدەکەون لەوانەی تەنها بڕوانامەیان هەیە.
ئەوانەی سەرکەوتوون لە بوارێکدا ئەوانەن کە ئارەزوو و خەونیان بۆ کارێک هەیە، نەوەک ئەوانەی تەنها ئەکادیمیانە خوێندوویانە و بڕوانامەیەکیان بەدەستهێناوە، بۆیە ئەگەر دەتەوێت بڕوانامەکەت کاریگەریی هەبێت و کارت بۆ بدۆزێتەوە، بڕۆرە ئەو شوێنەی ئارەزووت لێیەتی.
هۆکاری شەشەم: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت رۆڵێکی زیاتر دەبینن لە بڕوانامەکەت لە دۆزینەوەی کاردا.
تەنها تەواوکردنی زانکۆ بە بڕوانامەیەکەوە بەس نییە بۆ دۆزینەوەی کار، بەڵکو دەبێت هەر لە زانکۆوە پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت بدەیت، کاری خۆبەخشی بکەیت و بەشداریی لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەکاندا بکەیت و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەو بوارەدا بناسیت کە دەتەوێت کاری تێدابکەیت.
راپۆرتەکە لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەدەدات بڕوانامە نابێت وەکو تیکتێکی ئاڵتوونیی بۆ دەستکەوتنی کار تەماشا بکرێت، بەڵکو هۆکارگەلێکی دیکە هەن کەوا کاریگەرییان لەسەر داهاتووی کارکردنت دەبێت و پێویستە لە بڕوانامەکەت زیاتر گرنگییان پێبدەیت.



