رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕانی سەرپەرشتياری كەشتیی نیشتوو و جێگیری (InSight)ی سەر مەریخ رایانگەیاند، ئامێری تۆماركاری بوومەلەرزەیی يان ( Seismometer) توانی بەهێزترین بوومەلەرزە تۆمار بكات.
بوومەلەرزەکە، کە لە رۆژی 04-05-2022 روویداوە، ماوەكەی كورتبوو، بەڵام گوڕەکەی گەیشتبووە 5 پلە بە پێوەری رێختەر، بوومەلەرزەکە خرایە نێو لیستی ئەو 1313 بوومەلەرزەیەی كە لەدوای نیشتنەوەی كەشتییەكە لە تشرینی دووەمی 2018 دا تۆماركراون.
دوایین بوومەلەرزە، كە سنووری 90 خولەكی خایاندبوو و گوڕەكەی 4.2 پلە بووە، لە 25-08-2021 دا روویدا بوو.
ئامێری تۆماركاری بوومەلەرزەیی لەلایەن سەنتەری نیشتیمانیی فەڕەنسی بۆ لێكۆڵینەوەكانی بۆشاییگەری (CNES)ەوە دیزاین كراوە و پێشكێشی كەشتی (Insight) كراوە و دەتوانێ شەپۆلی بوومەلەرزەیی هەڵگەڕاوەی ناخی مەریخ تۆماربكات لەگەڵ ئەوانەی بەر چینەكانی ژێرەوەی توێكڵی ئەو هەسارەیەش دەكەون لەكاتی روودانی بوومەلەرزەدا. ئەمەش یارمەتییەكی زۆری پسپۆڕان دەدات بۆ تێگەیشتن لە سرووشتی پێكهاتەیی چینەكانی ناوەوەی ئەو هەسارەیە، وەك چۆن زەویناسان لەسەر زەوی هەمان پرۆسە ئەنجامدەدەن و تەنانەت لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ئەپۆڵۆ) لەنێوان ساڵانی 1969 تاوەکو 1970، كەشتیوانان (ئامێری تۆماركاری بوومەلەرزەیی)یان لەسەر رووی مانگیشدا چەسپاندبوو و سەركەوتنی بەدەستهێنا لە تۆماركردنی چەندین بوومەلەرزە لە ناخی ئەو پاشكۆیەماندا.
لەسەر زەوی، ئەو بوومەلەرزەی، كە گوڕەكەى دەگاتە سنووری 5 پلە بە پێوەری رێختەر، بە بوومەلەرزەى مامناوەندیی دەژمێردرێت و مرۆڤ بەتەواوی هەستی پێدەكات و لەهەندێ کاتیشدا زیانیشی دەبێت.
زانایانى ناسا رايانگەياند، بۆ شیكردنەوەى بوومەلەرزەی ئەمدواییەی مەریخ، پێویستیان بە كاتی زیاترە، پێش ئەوەی وردەكاریی تەواو بدەن لەسەر خاڵی روودان و سروشت و سەرچاوەكەی، چونكە دەستكەوتنی ئەو داتایانە پەردە لەسەر چەندین نهێنی لادەدات دەربارەی سروشتی پێكهاتەیی ناخی ئەو هەسارەیە.



