رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو هەسارەی موشتەری دەگاتە خاڵی بەرامبەربوونی (Opposite)ی زەوی، ئەمەش كاتێك روودەدات كە تەنێكی فەلەكی لە رۆژهەڵات بەرزدەبێتەوە لەگەڵ ئاوابوونی خۆر لە رۆژئاوا.
خاڵی بەرامبەربوونی (Opposite)ی ئاسایی موشتەری، 13 مانگ جارێك روودەدات، بەڵام دیاردەكە تەنها ئەوەندە نییە، چونكە لە 59 ساڵی رابردوودا دەبێتە نزیكترین نزیكبوونەوەی موشتەری لە زەوی، ئەمەش وادەكات هەسارەكە 11% لە رۆژەكانی دیكەی ساڵ گەورەتر دەربکەوێت و 1.5 جاریش رووناكتر دەربكەوێت بەراورد لەگەڵ نیسانی ساڵی 2017 كە ئەوكات لە دوورترین خاڵ بوو لەگەڵ زەوی. هەروەها رووناكییەكەی دەگاتە (-2.9) و دیاردەکەش هیچ كاریگەرییەكی لەسەر هەسارەكەمان نابێت.
فەلەكناسان دەڵێن، زەوی و موشتەری بە بازنەی تەواو بە دەوری خۆردا ناسووڕێنەوە، واتە هەسارەكان بە مەودای جیاواز بە درێژایی ساڵ بەرامبەر بە یەكدی تێدەپەڕن، ئەمجارەیان نزیكترین نزیكبوونەوەی موشتەری لە زەوی بە دەگمەن هاوكات دەبێت لەگەڵ كەوتنی لەنێو خاڵی بەرامبەربوون (Opposite)، بۆیە نزیكبوونەوەی ئەمجارەی زۆر ناوازە دەبێت.
لەڕووی فەلەكییەوە، نزیكترین خاڵی تۆمارکراو لەنێوان زەوی و موشتەری 587 ملیۆن كیلۆمەتر بووە، بەڵام ئەمشەو دەگاتە نزیکەی 591 ملیۆن كیلۆمەتر و دوورترین خاڵیش دەگاتە نزیكەی 965 ملیۆن كیلۆمەتر، بەڵام ئەمڕۆ دەگاتە 960 ملیۆن كیلۆمەتر و دوایین نزیكترین خاڵیش كە لەنێوان زەوی و موشتەریدا تۆماركرا لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1963 بوو.
ئادەم كۆبێلسكی، فیزیاناس، فەلەكناس و توێژەر لە سەنتەری فڕینی بۆشایی ئاسمانی مارشاڵی سەر بە ئاژانسی ناسا دەڵێت، "بە دووربینێكی دووچاوی باش، دەتوانی هەسارەی موشتەری لەسەر شێوەی تۆپێكی بچووك ببینی كە هیڵی تاریك بە كەمەریدا تێپەڕیوە و سێ یان چوار لە مانگە گەورەكانی كە بە (گالیلییەكان) ناسراون، وەكو خاڵی بریقەدار بە دەوریەوە ببینیت."
كۆبێلسكی، پێشنیازی بەكارهێنانی تەلەسكۆپ دەكات بۆ بینینی دیاردە ناودارەكەی كە بە (پەڵەی سووری گەورەی موشتەری) ناسراوە، بە تایبەتیش تەلسكۆپێكی تیرە چوار ئینجی یان گەورەتر، جوانترین دیمەنی ئەو هەسارەیەت پێ نیشاندەدات، بەو مەرجەی ئەو ناوچەی كە روانگەكردنەكەی تێدا دەكرێت، دووربێت لە رووناكیی ناو شار و دووكەڵ و تەپوتۆز. دەشكرێت لە شەوانی 25 و 27ی ئەیلوولیش ئەو روانگەكردنە بكرێت ئەگەر هاتو لە شەوی 26دا كەشوهەوا نالەبار بوو، بەڵام لە شەوی 26ی ئەیلوولدا ئەو هەسارەیە دەگاتە نزیكترین خاڵ لەگەڵ زەوی.
هەسارەی موشتەری، وەكو خاڵێكی گەشی رووناك راستەوخۆ دوای ئاوابوونی خۆر لە ئاراستەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا دەردەكەوێت و تاوەکو كاژێر 05:30 خوولەک لە ئاسماندا دەبیندرێت و پێش هەڵاتنی خۆر ئاوا دەبێت. موشتەری پێنجەم هەسارەی کۆمەڵەی خۆرە و هەسارەی مەریخ لە زەوی جیای دەکاتەوە.



