رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی سبەی پێنجشەممە 2023.4.20 دیاردەی دەگمەنی ناسراو بە (خۆرگیرانی تێكەڵ - Hybrid Solar Eclipse)روودەدات. ئەو خۆرگیرانە لەنێوان خۆرگیرانی تەواو و ئەڵقەییە، روودانیشی بە دیاردەیەکی دەگمەن دادەنرێت.
سەرەتا دەیاردەكە لە ناوچەكانی باشووری زەریای هیندی لە رۆژئاوای كیشوەری ئوسترالیا دەستپێدەكات، پاشان سێبەری مانگ هەڵدەكشی بۆ باشووری ئیندۆنیزیا و دواتر بەرزدەبێتەوە تادەگاتە باكووری دوورگەكانی پاپۆ گینیای نوێ و لەنێو زەریای هێمن لە نزیك دوورگەكانی مارشاڵ كۆتایی دێت، ئەو دیاردەیە لە کوردستان نابینرێت.
خۆرگیرانەكە لە كاژێر 04:34ـی بەیانی بەكاتی هەرێمی کوردستان روودەدات و كاژێر 09:59 بەیانی كۆتایی دێت و تەواوی دیاردەكە 5 كاژێر و 25 خولەك دەخایێنێت.
بۆچی دیاردەیەكی زۆر دەگمەنە؟
خۆرگیرانی تێكەڵ یان (Hybrid Eclipse) جۆرێكی زۆر دەگمەنی خۆرگیرانی تەواوە كە بەهۆی قەبارەی مانگ و شێوازی جووڵەی سێبەرەكەی لەسەر زەوی و گۆشەی بینینی بینەرەكە دەبێتە دوو جۆرە خۆرگیران.
لە دەستپێكی دیاردەكەدا، مانگ قەبارەكەی كەمێك بچووكترە لەوەی تەواوی خۆر دابپۆشێ، بۆیە ئەڵقەیەكی رووناكی خۆر لە دەوری دیسكی تاریكی خۆیدا دەهێڵێتەوە، واتە لە سەرەتادا دیاردەی (خۆرگیرانی ئەڵقەیی - Annular Eclipse) روودەدات، بەڵام دوای كاتێكی كەم، دیسكی مانگ تەواوی دیسكی خۆر دادەپۆشێت، بەمەش دیاردەی خۆرگیرانی تەواو لە ناوچە دیاریكراوەكاندا روودەدات.

لە رووی زانستییەوە ئەم دیاردەیە پشتی بەستووە بە شوێنكەوتەی بینەرەکە بە درێژایی رێڕەوی بینینی خۆرگیرانەكانە لەسەر رووی زەوی، بۆیە، لەكاتی خۆرگیرانی تێكەڵدا، كووڕیی یان گۆییەتی رووی زەوی وادەكات هەندێ ناوچە بكەونە نێو ناوچەی ناسراو بە (سێبەری تەواوی مانگ - Umbra) كە تاریكترین بەشە لە سێبەرەكەی، بۆیە لەو ناوچانەدا (خۆرگیرانی تەواو Solar Eclipse - Total) دەبینرێت، بەڵام ناوچە جوگرافییەكانی دیكە لە دەرەوەی سنووری (سێبەری تەواو)ـی مانگدا دەبن، بۆیە لەو ناوچانەدا (خۆرگیرانی ئەڵقەیی - Annular Eclipse) دەبینرێت، ئەو دیاردەیە بە (خۆرگیرانی ئەڵقەیی / تەواو) یش ناودەبردرێت.
دوایین دیاردەی (خۆرگیرانی تێكەڵ) لە ساڵی 2013 روویدا و هەر بە پێوانە فەلەكییەكان دەردەكەوێت دیاردەی (خۆرگیرانی تێكەڵ)ـی داهاتوو لە ساڵی 2031 روودەداتەوە، بەڵام لەبەر نەڕەخسانەوەی بارودۆخە فەلەكی و جوگرافییەكان، تاوەکو ساڵی 2164 خۆرگیرانێكی دیكەی هاوشێوە رووناداتەوە.



