رووداو دیجیتاڵ
دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن. لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکاشدا، بە وردی چاودێریی ئەو هەوڵانە دەکرێت، بەڵام هێشتا لای لایەنە سیاسییەکانی ناو کۆنگرێس یەکلانەبووەتەوە کە ئایا واشنتن دەتوانێت لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتن یاخود نا.
کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، پشتیوانی لە هەڵوێستە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن بەرامبەر بە ئێران. تێد کروز، سێناتۆری کۆمارییەکان، ئاماژە بەوە دەکات هەر رێککەوتنێک بکرێت، دەبێت "رێککەوتنێکی دروست بێت".
تێد کروز رایگەیاند: "داوام لە سەرۆک کردووە لەسەر هەڵوێستەکانی سوور بێت. ئەو لە دیاریکردنی دوو هێڵی سووردا تەواو راست بوو؛ یەکەم، هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم نەبێت. دووەم، پێویستە ئێران هەموو یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەست بکات. پێموایە سەرۆک ترەمپ لەوەدا بەتەواوی راست دەکات".
ئەو سێناتۆرە کۆمارییە لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە رادەست دەکات؟ گوتی: "تاوەکو ئێستا نەیانکردووە، بەڵام پێم وایە دەبێت بەردەوام بین لەسەر سووربوون لەسەر هەڵوێستەکانمان".
لە بەرامبەردا، دیموکراتەکان بە توندی دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپن بەرامبەر بە ئێران، نە لە پرسی جەنگ و نە لە پرسی رێککەوتنیشدا لەگەڵیدا هاوڕا نین. زۆربەی دیموکراتەکان پێیان وایە ترەمپ نە بۆ شەڕ و نە بۆ ئاشتی، هیچ ستراتیژییەتێکی روونی بەرامبەر تاران نییە.
مارک وارنەر، سێناتۆری دیموکراتەکان، رەخنەی تووند لەو دۆخە دەگرێت و دەڵێت: "سەرۆک جەنگێکی بێ پلانی دەستپێکرد، جەنگێک بە ویستی خۆی هەڵیبژارد، لە کاتێکدا ئێران هیچ هەڕەشەیەکی دەستبەجێی بۆ سەر ئەمریکا نەبوو. ئێستا دوای زیاتر لە 80 رۆژ دەبینین هێشتا رژێمە خراپەکە لەوێ ماوە و هیچ پلانێکیش نییە بۆ رزگاربوون لەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە".
وارنەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران هێشتا خاوەنی توانای مووشەکییە و کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆی بەسەر تەنگەی هورمزدا هەیە، گوتیشی: "ئەمە باشتر نییە. سەرکردایەتیی پێشووی ئێران بەرامبەر خەڵکەکەی خراپ بوو، بەڵام ئەم جەنگە دۆخەکەی باشتر نەکرد".
ئەم دابەشبوونەی کۆنگرێس لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ پەیامی دژبەیەک لەبارەی ئێرانەوە بڵاو دەکاتەوە. هەندێکجار دەڵێت رۆژانە لە گفتوگۆدان و زۆر نزیکن لە رێککەوتن، هەندێکجاریش هۆشداری دەداتە تاران کە دەبێت پەلە بکات و بەمەرجەکانی ئەمریکا رازی بێت.



