رووداو - لەندەن
رق و کینە لە کۆمەڵگەی بەریتانی بە رێژەی 68% زیادیکردووە و بەشێک لە چاودێرانیش پێیانوایە بەهێزبوونی راستڕەوەکان بەتایبەت لەپاش برێگزیت هۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی رێژەی رق و کینەیە.
جێگری سەرۆکی شارەوانی چێڵسیش هۆکارەکەی بۆ کەمکردنەوەی بودجەی پۆلیس دەگێڕێتەوە و رایدەگەیێنێت "سیاسەتی سکهەڵگوشینی حکومەت بووەتە هۆی ئەوەی تووندوتیژی لە کۆمەڵگەدا بەهێز ببێت".
کینزینگتن، یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی بەریتانیا و تەنانەت ئەوروپاش، بەڵام ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، خەریکە ببێتە ناوچەیەکی دەوڵەمەندیش بە هەڵکشانی تاوانە جۆراوجۆرەکان و رق و کینە، بەتایبەتیش پاش ئەوەی برێگزیت بووەتە رۆژەڤ.
سوو هاردین هاوڵاتییەکی بەریتانییە و دەڵێ "وەک دیارە برێکزیت وڵاتەکەی زیاتر دابەشکردووە، زۆر تاوانی رق و کینە بەرامبەر موسڵمانەکان ئەکرێ، نەک تەنها ئەوان بەڵکو هەموو ئەوانەش کە زاراوەی بەریتانی و ئینگلیزیان نییە".
جەیمس لانگستاف، قەشەی کڵێسەی رۆجستای تایبەت بە کارەکانی شاژنی بەریتانیا، باسی ئەوە دەکات "ئێستا دابەشبوونێکی زۆر لە جیهاندا لەنێو خەڵکی بە ئاین جیاواز دەبینین کە لە یەکدی تێناگەن. ئێمە وەک کریستیانەکان و کڵێسەکانی بەریتانیا بەجیدی کاردەکەین لەگەڵ خوشک و برا موسڵمانەکان و کۆمەڵگەکانی دیکەش بۆ کەمکردنەوەی ئەوجیاوازییانە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی زۆری ئەو تاوان و دەستدرێژییانەی لای پۆلیس تۆمارکراون، رووبەڕووی کۆچبەران بوونەتەوە، چونکە بە تێگەیشتنی بەشێک لە راستڕەوەکان، "هەرکۆچبەرانن لەپشت نائارامی و توندوتیژییەکانەوەن، بۆیە ئەمڕۆ بۆخۆیان رووبەڕووی رق و کینە دەبنەوە".



