رووداو دیجیتاڵ فەرەنسا داوا لە هاوبەشەکانی لە یەکێتیی ئەوروووپا دەکات پرسی پەڕینەوەی کۆچبەران بەرەو بەریتانیا وەک "پرسێکی ئەورووپایی" سەیر بکەن. پاریس هەوڵدەدات لە پرسی رێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز پشتگیریی زیاتری ئەورووپاییەکان بەدەستبهێنێت. رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، ماری پیێر ڤێدرێن، جێگری وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەورووپاییەکانی رایگەیاند، "ئێمە باسی سنوورێکی دەرەکیی یەکێتیی ئەورووپا دەکەین، بۆیە ئەمە ئاڵنگارییەکی ئەورووپاییە و پێویستمان بە گفتوگۆی ئەورووپاییە." بڕیارە بەمزووانە کۆمیسیۆنی ئەورووپا پلانێک بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیز پێشکێشی 27 وڵاتەکە ئەندامەکە بکات. فەرەنسا هیواخوازە لە رێگەی ئەو پلانەوە هاوکاریی زیاتر لە بواری پۆلیس و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییانی مرۆڤدا وەربگرێت. ساڵی رابردوو زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی باشووری ئینگلتەرا، ئەوەش دووەم بەرزترین ئاماری ساڵانەیە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2018ـەوە تۆمارکردنی ئامارەکان دەستیپێکردووە. فەرەنسا مێژوویەکی درێژی هەیە وەک خاڵی سەرەکیی دەستپێکردنی گەشتی ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بگەنە بەریتانیا. رۆژی چوارشەممە، پاریس درێژکردنەوەی پلانێکی راگەیاند کە بە "یەک بە یەک" ناسراوە؛ بەپێی پلانەکە بەریتانیا دەتوانێت ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان نییە دیپۆرتی فەرەنسایان بکاتەوە، لە بەرامبەردا لەندەن هەمان ژمارە کۆچبەر لە فەرەنساوە وەردەگرێت کە ئەگەری وەرگرتنی مافی پەنابەرییان زۆرە. بەڵام فەرەنسا دەیەوێت ئەم پرسە هەستیارە لە چوارچێوەی گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ بەریتانیا دەربچێت و یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لەندەن، وەک پرسێکی سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ بکات. ڤێدرێن ئاماژەی بەوە کرد، زۆر گرنگە ئەم بابەتە بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا چارەسەر بکرێت. کۆچبەران بە پێدانی هەزاران دۆلار بە قاچاخچییەکان، زۆرجار بە بەلەمی بچووک و قەرەباڵخ و مەترسیدار، هەوڵدەدەن لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بپەڕنەوە کە زۆرجار رووداوی کوشندەی تێدا دەکەوێتەوە. تەنیا فەرەنسا نییە کە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنێت، بەڵکو دەسەڵاتدارانی بەلجیکاش نیگەرانیی خۆیان لە دیاردەیەکی نوێ دەربڕیوە کە تێیدا کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئەوانەوە بەرەو ئینگلتەرا بەڕێدەکەون؛ تاوەکو ئێستا لە ئەم ساڵدا زیاتر لە 400 کەس لە کاتی هەوڵی پەڕینەوەیان لە بەلجیکاوە دەستگیرکراون.