رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا لە نامەیەکدا پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی رووبەڕووی لە سەرۆکی رووسیا کرد؛ ئەمە تەنیا کەمێک دوای ئەوە هات کە سەرۆکی رووسیا دانی بەوەدا نا مۆسکۆ پێویستی بە بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانیەتی بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی ئۆکراینا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە گوشار دەخاتە سەر هەردوو لایەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە رایگەیاند کە کۆبوونەوەی رووبەڕووی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کارێکی "نایاب" دەبێت، بەڵام داوای لە هەردوولا کرد سازش بکەن.
کۆشکی کرێملین رایگەیاند، هێشتا نامەکەیان نیشانی پووتین نەداوە، بەڵام زیلینسکی دەتوانێت "لە هەر کاتێکدا بێت" لە مۆسکۆ چاوی بە پووتین بکەوێت؛ پێشنیازێک کە سەرۆکی ئۆکراینا پێشوەختە لە نامەکەیدا رەتیکردبووەوە.
زیلینسکی لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "ئۆکراینا پێشنیازی کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەکات لە رێگەی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان ئێمە و تۆ. من پێشنیازی کۆبوونەوە دەکەم. پێشنیاز دەکەم وادەیەکی روون بۆ کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە دیاری بکرێت. ئۆکراینا ئامادەیە بۆ ئاگربەستێکی تەواوەتی لە ماوەی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکاندا."
زیلینسکی نامەکەی رۆژێک دوای ئەوە بڵاوکردەوە کە درۆنەکانی ئۆکراینا شاری (سانت پترسبۆرگ)ـیان پێکا، لە کاتێکدا لەم هەفتەیەدا میوانداریی کۆڕبەندێکی گەورەی ئابووریی نێودەوڵەتی دەکات.
سەرۆکی ئۆکراینا چەندین جار داوای کۆبوونەوەی پووتین کردووە و دەڵێت، تەنیا گفتوگۆی رووبەڕوو دەبێتە هۆی رێککەوتن لەسەر خاک.
'من پێشنیازی ئەو سازشانەم کردووە'
ترەمپ، کە روبەڕووی رەخنە بووەوە بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو لە لایەک لە کۆشکی سپی سەرزەنشتی زیلینسکی کردبوو و لە لایەکی دیکەشەوە پووتینی بۆ لووتکەیەک لە ئالاسکا بانگهێشت کردبوو، رایگەیاند کە ئەو "خۆشحاڵە کە ئەوان (پووتین و زیلینسکی) باس لە کۆبوونەوە بکەن."
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێموایە ئێمە رۆڵێکی گەورەمان لەمەدا هەبووە. پێموایە نایاب دەبێت ئەگەر کۆببنەوە. دەبێت ئەنجامی بدەن."
دانوستاندن بە سەرکردایەتی ئەمریکا نەیتوانی لایەنەکان لە رێککەوتن نزیک بکاتەوە، چونکە سەرنجی ترەمپ زیاتر لای جەنگی ئێران بووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە سێ مانگ لەمەوبەر هەڵیانگیرساند. ترەمپ سەبارەت بە ئۆکراینا و رووسیا گوتی، "هەردوولا سازش دەکەن، من پێشنیازی ئەو سازشانەم کردووە و دەزانن کە ئێمە رۆڵێکی گەورەمان تێدا هەبووە."
رووسیا، کە لە ساڵی 2022دا هێرشیکردە سەر ئۆکراینا، داوای کردووە کە کشانەوەی ئۆکراینا لە ناوچەی دۆنباسی رۆژهەڵات وەک پێشمەرجێک بێت بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی. پووتین، لە سانت پترسبۆرگ و پێش بڵاوبوونەوەی نامەکەی زیلینسکی، جارێکی دیکە گومانی خستە سەر شەرعییەتی سەرۆکی ئۆکراینا و گوتی، پرسی ئەوەی ئایا زیلینسکی سەرۆکی شەرعییە پێویستی بە "شیکردنەوە" هەیە، دوای ئەوەی وادەی پێنج ساڵەی سەرۆکایەتییەکەی لە 2024دا تەواو بوو.
یاسای سەربازی لە ئۆکراینا رێگری لە هەڵبژاردن دەکات لە کاتی جەنگدا و زیلینسکی پێشنیازی کردووە کە ئەگەر ئاگربەستێکی تەواو هەبێت، دەنگدان یان گشتپرسی لەسەر رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی ئەنجام بدەن. پووتین پێشتر گوتبووی تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە رێککەوتنێکی ئامادەکراو چاوی بە زیلینسکی دەکەوێت و داواکارییەکانی پێش ئەو کاتەی رەتکردبووەوە.
'بەهێزکردنی' بەرگرییە ئاسمانییەکان
ئۆکراینا لە مانگەکانی رابردوودا هێرشە تۆڵەسێنەرەوە مەودا دوورەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازی و وزەییەکانی رووسیا چڕتر کردووەتەوە. زیلینسکی لە نامەکەیدا گوتی: "ئەگەر بە شەخسی نەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە کاتی کۆتاییهێنان بەم جەنگەیە، ئۆکراینا بەردەوام دەبێت لە جەنگان بۆ مانەوەی خۆی."
رۆژی پێنجشەممە پووتین ستایشی دەستکەوتەکانی هێزەکانی لە مەیدانی جەنگدا کرد. کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بووەتە "کارەساتێکی ستراتیژی"، پووتین گوتی، رووسیا "لە سەرانسەری هێڵی بەرکەوتندا لە پێشڕەویدایە"؛ گوتیشی: "ئێمە بە تەواوەتی ئامادەین و ویستمان هەیە لەرێگەی ئاشتییانەوە لەگەڵ ئۆکراینا بگەینە رێککەوتن."
خێرایی پێشڕەوییەکانی رووسیا لە کۆتایی 2025ەوە خاو بووەتەوە و داتاکانی ئەم دواییە نیشانی دەدەن ئۆکراینا خاکی خۆی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە. بەپێی شیکارییەکی ئاژانسی فەرەنسا بۆ داتاکانی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ، ئۆکراینا لە مانگی ئایاردا بۆ دووەم مانگی لەسەریەک، زیاتر لەوەی لەدەستی داوە، خاکی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە.
![ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا [لای راست] و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا.](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260605142723_2222222.jpg&w=3840&q=75)


