رووداو دیجیتاڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پێشوازی لە داواکەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە دیالۆگ لەگەڵ مۆسکۆ دەستپێبکاتەوە. رۆژی هەینی، 5ی حوزەیرانی 2026، ماکرۆن لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی بالکان لە مۆنتینیگرۆ گوتی، "پێموایە ئێستا ئەرکی ئۆکراینا و رووسیایە، کە ئاگربەست و پلانێکی ئاشتی دابڕێژن، ئەورووپییەکانیش دەتوانن هاوکار بن لەم پرۆسەیەدا." دەستپێشخەرییەکی باش رۆژی پێنجشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە نامەیەکی کراوە بۆ ڤلادیمیر پووتین، پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی رووبەڕووی کردبوو. ماکرۆن ئەو نامەیەی بە "دەسپێشخەرییەکی باش" ناوبرد؛ هاوکات یەکێتیی ئەورووپا و ئەڵمانیاش پێشوازییان لە داواکەی زیلینسکی بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ مۆسکۆ کرد. سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "دەمانەوێت سەیری داهاتوو بکەین و باس لەوە بکەین چۆن دەتوانین دیالۆگ بۆ بنیاتنانی ئاگربەست و ئاشتی دەستپێبکەینەوە. بە رەچاوکردنی چۆنیەتی پەرەسەندنی بارودۆخەکە، پێموایە ئێستا کاتەکە گونجاوە." ئەورووپا و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ ئەم لێدوانانەی ماکرۆن لەکاتێکدایە مشتومڕەکان لە ئەورووپا بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا لەبارەی دۆسیەی ئۆکراینا گەرم بوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نێوەندگیری و راگرتنی شەڕەکە گەیشتنە بنبەست. ماکرۆن گوتی: "ئێمە زۆر خوازیارین گفتوگۆکانمان لەگەڵ رووسیا لەسەر ئەو بابەتانە رێکبخەینەوە کە جێگەی بایەخی هاوبەشن، وەک ئاسایشی خۆمان، چۆنیەتی ژیانمان وەک دراوسێ و بێگومان بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئۆکرایناش." بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ماکرۆن لەگەڵ زیلینسکی کۆببێتەوە. هەروەها سەرۆکی فەرەنسا بانگهێشتی وڵاتانی رۆژئاوای کردووە بۆ ئەوەی لە 14ی تەممووزدا، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا، لە پاریس کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی "هاوپەیمانییەک" بە مەبەستی پشتگیریکردنی هەر رێککەوتنێکی ئاگربەست، کە لە داهاتوودا بکرێت.