رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ژینگەیی لە ئوسترالیا، دەستیان بەسەر ناوەندێکی نایاسایی بەخێوکردنی سیسرکدا گرت. ئەم سیسرکانە کە بۆ بازرگانیی نایاسایی لە بازاڕی رەشدا ئامادە کرابوون، بەهاکەیان بە زیاتر لە 140 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت.
رۆژی هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، بەرپرسانی ئوسترالیا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی مێرووە بیانییەکانیان لە مێژووی وڵاتەکەدا راگەیاند. هێزە ئەمنییەکان لە شارۆچکەی (باتێرس) لە ویلایەتی نیو ساوس وێڵز، توانییان دەست بەسەر زیاتر لە 100 هەزار سیسرکی قاچاخدا بگرن کە بەهای گشتییان دەگاتە 200 هەزار دۆلاری ئوستراڵی (نزیکەی 140 هەزار دۆلاری ئەمریکی).
رێڕۆی بازرگانیی نایاسایی
ئەم مێرووانە لە جۆری سیسرکی (سیتکە) ی ماداگاسکار و سیسرکی (دوبیا)ن، کە هەندێکیان قەبارەیان هێندەی ناو لەپی دەستی مرۆڤ گەورەیە. ستیفانی لێسەر، یەکێک لە شارەزایانی ناوچەکە بە تۆڕی (ABC)ـی راگەیاندووە، کە خەڵک لە رێگەی ئینتەرنێتەوە وەک "خۆراکی خشۆکە ماڵییەکان" ئەم سیسرکانە دەکڕن. بەهۆی ئەوەی ئەم سیسرکانە یەکجار زەبەلاحن، خاوەن ئاژەڵەکان لەبری 3 بۆ 4 مێرووی بچووک، تەنیا یەک دانە لەم سیسرکانە دەدەنە ئاژەڵە ماڵیەکانیان، ئەمەش لە رووی دارایییەوە بۆیان هەرزانتر دەکەوێت.
هۆشدارییەکان و سزای یاسایی
گوتەبێژێکی وەزارەتی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند، بەخێوکردن، فرۆشتن و هاوردەکردنی ئەم مێرووانە بۆ ناو ئوسترالیا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. ئەو بەرپرسە هۆشداری دا کە هەر کەسێک ئەم جۆرە سیسرکانەی پێ بگیرێت، رووبەڕووی سزای تووندی یاسا فیدراڵییەکان دەبێتەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم مێرووە بیانییانە مەترسیی بڵاوکردنەوەی نەخۆشییان هەیە و زیانێکی زۆر بە سروشت و کشتوکاڵی وڵاتەکە دەگەیەنن، هەر بۆیە بڕیاردراوە هەموو ئەو 100 هەزار سیسرکە بە رێگەیەکی دروست و پزیشکی لەناوببرێن.
ئێستا بەرپرسانی ژینگە لە ئوسترالیا ئەرکێکی سەختیان لەسەرە، ئەویش لەناوبردنی ئەو 100 هەزار سیسرکەیە.
سیسرک بەوە ناسراوە کە مێرووێکی یەکجار خۆڕاگرە و تەنانەت لە ناو خەڵکدا پڕوپاگەندەی ئەوەش هەیە کە دەتوانن لە تەقینەوەی ئەتۆمیشدا بە زیندوویی بمێننەوە.
ئوسترالیا یاسایەکی تووندی بۆ پاراستنی ژینگە هەیە، لە کاتێکدا جیهان لەژێر گوشاری گۆڕانی کەشوهەوادایە، پاراستنی ژینگە و تێکنەدانی هاوسەنگییەکەی ئەرکی لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە. لە بەرانبەردا، بازرگانانی بازاڕی رەش هەوڵدەدەن بە گۆڕینی رێڕۆی گواستنەوەی ئەم مێرووانە، قازانجێکی زۆر بەدەستبهێنن.


.jpg&w=3840&q=75)