رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو دەنگۆیانەی ئێرانی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن تەقەی هۆشدارییان لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای عومان کردبێت و ناچاریان کردبن بەرەو زەریای هیندی پاشەکشە بکەن.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی ئێران هێرشیان نەکردووەتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا و تەقەیان لێ نەکردوون. ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە پێشێلکارییەکی زەق و گەورەی ئاگربەست دەبێت."
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، هێزەکانی ئەمریکا بە ئازادی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جووڵە دەکەن و "بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران."
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێرانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: ''لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی خراپەکاری، هەراسانکردنی دەریایی و رفاندنی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان، بە مووشەک و درۆن هۆشداریمان بە کەشتییە جەنگییەکانی DDG-103 و DDG-87ـی ئەمریکا دا کە ناچار بوون دەریای عومان بەرەو زەریای هیند جێبهێڵن.''
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزی دەریایی سوپای ئێران لە هۆشدارییەکەدا مووشەکی قەدیر و درۆنی (شەهید دانا)ـی بەکارهێناوە.
سوپای ئێران دەڵێ، جگە لەو دوو کەشتییە جەنگییەی ئەمریکا، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێرشبەری (تریپڵ)ـیش ناچار کراوە دەریای عومان جێبهێڵێت.
ئاگربەستێک لە 8ـی نیسانەوە راگەیێندراوە و تاوەکو ئێستا توانیویەتی تا رادەیەکی زۆر جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل رابگرێ، ئەوەش دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ـی شوبات.


