رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی سەپاندنی باجێکی زۆر لەسەر سنوورەکان و گرانبوونی تێچووەکەی، ئێستا پۆستکردن لە ئەڵمانیاوە بۆ رۆژاوای کوردستان راگیراوە. بەپێی رێکارە نوێیەکان، ناردنی هەر جۆرە دەرمان و ئامێرێکی پزیشکی لە ئەڵمانیاوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخە کراوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی هاوکارمان زنار شینۆ بۆ دیاسپۆرا، ناردنی پۆست و کەلوپەل لە ئەڵمانیاوە بۆ باشووری کوردستان بەردەوامە و هەموو شارەکانی باشووری کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک) دەگرێتەوە، بەڵام بۆ رۆژئاوای کوردستان بەهۆی گرانبوونی نرخی گواستنەوە و دانانی باج و گومرگی زۆر راگیراوە.
هۆکاری گرانبوون و راگرتنی پۆست بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەیە کە لەسەر سنوور، پارەیەکی زۆر لەو کەلوپەلانە وەردەگیرێت کە لە باشوورەوە دەگوازرێنەوە بۆ رۆژئاوا.
هەروەها ناردنی هەر جۆرە کەلوپەلێکی پزیشکی، وەک دەرمان یان ئامێری پزیشکی (بۆ نموونە ئامێری پشکنینی شەکرە)، بۆ رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستانیش قەدەخەیە و رێگەیان پێنادرێت.
ئەو کەلوپەلانەی کە هاووڵاتییان دەتوانن بیاننێرن بۆ هەرێمی کوردستان، بریتین لە جلوبەرگ، کەلوپەلی ناوماڵ، جوانکاری (کۆسمەتیک) و هەندێک ئامێری کارەبایی. نرخی ناردنیش بەپێی کێش و قەبارەی کەلوپەلەکان دەگۆڕێت.

.png&w=3840&q=75)
