رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تارانی رەواندەوە و رایگەیاند، سەرەڕای پێکدادانە پچڕپچڕەکان، ئاگربەستەکە وەک چوارچێوەیەک بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی بە جێگیری ماوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، پیت هێگسەس پێش بەجێهێشتنی خاکی فەرەنسا کە لەوێ بەشداریی لە رێوڕەسمی یادی جەنگی جیهانیی دووەمدا کرد، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بێگومان ئەوە ئاگربەستە و کارایە."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەموو ئەو نیگەرانییانەی رەتکردەوە کە باس لە تێکچوونی ئاگربەستەکە دەکەن بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێران. هێگسەس ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر بە روونی گوتوویەتی کە رەنگە لە کاتی ئاگربەستدا "هەندێک رووداوی پچڕپچڕ" بێنە پێشەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ترەمپ ئێستا تەواوی سەرنجی لەسەر دانوستاندنەکانە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی.
هێگسەس گوتی: "ئێمە بە چالاکییەوە سەرقاڵی دانوستاندن و گفتوگۆین. هەندێک شت روودەدەن، بەڵام جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوامە. دەبێت ئێران تەقە لە کەشتییەکان نەکات؛ ئەگەر ئەوەش بکەن، ئێمە وەک چاوەڕوان دەکرێت مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و وەڵاممان دەبێت."
هێگسەس گەشبینیی خۆی نیشاندا و گوتی: "لە کۆتاییدا پێمان وایە کە رێککەوتنێکی زۆر باش و گەورە، لە داهاتوویەکی نزیکدا روودەدات."
لە 8ـی نیسانی رابردووەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان هەردوولادا هەیە، کە مەبەست لێی دروستکردنی کەشێکی گونجاو بووە بۆ دیپلۆماتەکان تاوەکو بتوانن لەسەر مێزی دانوستاندنەکان کۆتایی بە جەنگ بهێنن.
هەرچەندە هێشتا کێشەی وەرگرتنی باج لە تەنگەی هورمز و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران وەک بەربەست ماونەتەوە، بەڵام بە قسەی بەرپرسان بێت، واشنتن هێشتا رێگەی دیپلۆماسیی بە باشترین بژارە دەزانێت.


