رووداو دیجیتاڵ
22 وڵات، لەنێویشیاندا ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هۆشداریی تووندیان دایە ئێران بۆ راگرتنی هێرشکردنە سەر خەڵک "لەسەر خاکی ئەوان" و سەرکۆنەی بەکارهێنانی باندە تاوانکارییەکانیان لەلایەن تارانەوە کرد.
22 وڵات لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، دەزگە ئەمنییەکانی ئێران سەرکۆنە دەکەن بۆ بەکارهێنانی "شەرمەزارکەرانە"ـی باندە تاوانکارییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بۆ پیلانگێڕی لە ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە: "هەوڵەکان بۆ کوشتن، رفاندن، بێزارکردن، ترساندن، یان هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر خەڵک لەسەر خاکی ئێمە، سەروەریی نیشتمانی و بنەما نێودەوڵەتییەکان تێکدەدات. پێویستە ئەم کردەوانە دەستبەجێ رابگیرێن."
ئەو وڵاتانە رایانگەیاند، دەزگەی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران و فەیلەقی قودس، تێوەگلاون لە "پیلانگێڕیی کوشندە و کردەی خراپ" دژی دژبەرانی ئێرانی، رۆژنامەڤانان و کۆمەڵگە و بەرژەوەندییە جوو و ئیسرائیلییەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لە سووربوونمان بۆ پاراستنی وڵاتەکانمان و گەلەکەمان لە دژی ئەم هەڕەشانە یەکگرتووین. پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا ئەم کردەوانە رابگرێت."
ئەو 22 وڵاتەی راگەێندراوەکەیان بڵاوکردووەتەوە بریتین لە: ئەمریکا، سوێد، پۆرتوگال، نەرویج، مەسەدۆنیای باکوور، نیوزیلاند، هۆڵەندا، لیتوانیا، لاتڤیا، ئایرلاند، ئەڵمانیا، فەرەنسا، فینلاند، ئیستۆنیا، دانیمارک، چیک، کەنەدا، بولگاریا، بەلجیکا، نەمسا، ئوسترالیا و ئەلبانیا.
ئەو وڵاتانە ئێرانیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت هەڵمەتێکی هێرشکردنە سەرانسەری ئەورووپادایە کە کۆمەڵگە جووەکان، رۆژنامەڤانانی ئێرانی و ئەمریکی دەکاتە ئامانج، کە لەلایەن گرووپی لایەنگری ئێران (حەرەکەت ئەسحابولیەمین ئیسلامی)ـەوە بەرپرسیارێتییان راگەیێندراوە.
ئەم گرووپە بەرپرسیارێتیی خۆی لە زنجیرەیەک هێرشی سووتاندنی ئەم دواییەی سەر کەنیسە و شوێنە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەی گۆڵدەرز گرین (Golders Green) لە لەندەن راگەیاندبوو، کە کۆمەڵگەیەکی گەورەی جووی تێدا نیشتەجێیە.



