رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەشاندنی گورزێکی سەربازیی یەکجار قورس بۆ سەر ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمشەو هێرشەکان دەستپێدەکەنەوە؛ دەشڵێت، واشنتن بەنیازی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی بازاڕی نەوت و گازی ئەو وڵاتەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمشەو زۆر بە تووندی لە ئێران دەدات".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ئێستا لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە و گوتی: "هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی، رادار، دژە فڕۆکە و هەموو جۆرە بەرگرییەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ زۆربەی توانای هێرشبەرییان لەناوچوون."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامی هەردوولای دایەوە، ئەمە جگە لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی. رۆژی 8ی نیسان، ئاگربەستی جەنگەکە کرا بەڵام لەو کاتەوە چەندجارێک پێکدانان لەنێوانیاندا روویداوە، دوایینیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوو. لە 13ی نیسانیشەوە، ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر پلانێکی ستراتیژیی لادا و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بەسەر دوورگەی خارگ و شوێنە گرنگەکانی دیکەی ژێرخانی نەوتی ئێراندا دەگرن. ترهمپ گوتی: "ئێمە کۆنتڕۆڵی تەواوی بازاڕەکانی نەوت و گازی ئێران دەگرینە دەست، رێک وەک ئەوەی لەگەڵ ڤەنزوێلا کردمان، کە کارێکی نایاب بو بۆ هەردو وڵات."
تائێستا بەرپرسانی تاران هیچ وەڵامێکی فەرمییان بۆ ئەم لێدوانانەی ترهمپ نەبووە.
بەرپرسانی ئێران چەند جارێک رایانگەیاندووە، هیچ هەڕەشە و هێرشێکی ئەمریکا بەبێ وەڵامدانەوەی تێناپەڕێت.




