رووداو دیجیتاڵ
گرووپی شانۆیی هەوار لە شاری سەلالەی شانشینی عومان، نوێترین نمایشی خۆیان پێشکەشی روحی هەڵکەوت عەزیز کرد و خولەکێک بێدەنگییان بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت بەبێ دەنگی وەستان.
گرووپی شانۆیی هەوار نمایشی شانۆیی "سەلمە"یان لە چوارچێوەی "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئوفیر بۆ شانۆی دیۆدراما" لە شاری سەلالە پێشکەش کرد. تیمی نمایشەکە لە هەنگاوێکی وەفادارانەدا، نمایشەکەیان پێشکەشی روحی پاکی هەڵکەوت عەزیز کرد.
گرووپی شانۆیی هەوار لە گرتە ڤیدیۆییەکدا لەبارەی نمایشەکەیان رایانگەیاند: "ئێمە لە فێستیڤاڵی شەوانی ئۆفیری نێودەوڵەتی بۆ دیۆدراما لە شاری سەلالەین؛ شانۆیی سەلمەمان پێشکەشی روحی پاکی هاوڕێمان هەڵکەوت عەزیز کرد."
گرووپی شانۆیی هەوار دەڵێت: "بەناوی هەموو تیمەکەمان و فیدراسیۆنی جیهانیی کورد، کە لێرە نوێنەرایەتیی کوردستان و عێراق دەکەین، ئەم نمایشەمان پێشکەشی هەڵکەوت عەزیز کرد، چونکە ئەویش رۆژانێک لەسەر شانۆ وەک ئێمە نمایشی دەکرد."
گرووپەکە لە کاتی نمایشەکەیان رایانگەیاند، هەڵکەوت یەکێک بوو لە پەیامنێرە ناسراوەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، باسیان لەوەشکرد: "ئێمە لێرە بووین هەواڵەکەمان بیست و زۆر خەمبارین، بەڵام ئەوەی لە تواناماندا بێت ئەم دیارییەیە بۆ گیانی پاکی هەڵکەوت عەزیز."
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا-بەسرە لە سنووری پارێزگای دیوانیە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز، خەمێکی گەورەی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و خێزانی رووداو دا دروستکرد. سەرۆک و سەرکردەکان، بەرپرسان و سیاسەتڤانان، پەرلەمانتاران و خەڵک بە گشتی پرسە و سەرەخۆشییان لە کەسوکار و هاوکارانی لە رووداو کرد.
لە رۆژانی 9 و 10ی ئەم مانگە، پرسەکەی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو؛ ئەمڕۆ پێنجشەممەش سێیەم رۆژی پرسەکەیەتی لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە پارێزگای هەولێر.



