رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی راستەوخۆدا رایگەیاند، ئەمریکا چەکی ناردووە بۆ ئەوەی بگەیێندرێتە دەست خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی لە دژی حکومەت بەکاریبێنن، "بەڵام کورد چەکەکانیان نەداوەتە خەڵکەکە و بۆ خۆیان هەڵگرتووە".
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز، کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا ئەمریکا دەتوانێت چەک بگەیێنێتە دەست خەڵکی ئێران و پاڵپشتیی ئاسمانییان بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی حکومەت؟ لە وەڵامدا ترەمپ گوتی: "لە راستیدا ئێمە چەکمان بۆ ناردن، بەڵام با راستگۆبم لەگەڵتان، زۆر لە کورد بێئومێد بووین. کورد بێئومێدیان کردین. من دژی ئەو بڕیارە بووم، دەمگوت 'نەخێر، بڕوا ناکەم چەکەکانیان رادەست بکەن.' پێموایە بۆ خۆیان هەڵیانگرتووە. ئەوە جێگەی شەرمەزارییە. بەڵام ئەوەم لەیاد دەمێنێت، ئەو هەڵوێستەی کوردم لەیاد ناچێت."
لایەنە کوردییەکان چی دەڵێن؟
سەرجەم لایەنە کوردییەکان بە کۆدەنگی ئەو بانگەشانەی ترەمپیان رەتکردوونەتەوە کە گوایە ئەمریکا لەرێگەی کوردەوە چەکی ناردووە بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران و کوردەکانیش چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرتووە.
- حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا): بەتووندی تۆمەتەکانی رەتکردەوە. سەرەتای مانگی نیسان، محەممەد نەزیف قادری، بەرپرسی باڵای حیزبەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەو لێدوانانە بێ بنەمان و هیچ چەکێکمان پێنەگەیشتووە. ئەو چەکانەی هەمانە هی 47 ساڵ لەمەوبەرن... سیاسەتی ئێمە ئەوە نییە خۆپێشاندانەکان بکەینە تووندوتیژی." هەژار برنجی، نوێنەری حیزبەکە لە ئەمریکاش لە تۆڕی ئێکس نووسیبووی کە بانگەشەی وەرگرتنی چەک "ناڕاستە و دوورە لە راستییەوە." مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتییش ئاماژەی بەوە کرد کە گواستنەوەی چەکی لەو شێوەیە "ئەستەمە" بەهۆی بڵاوبوونەوەی چڕی سوپا لە سنوورەکان و رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئێرانەوە.
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران: چەندین سەرکردەی حیزبەکە بەتەواوی ئەمەیان رەتکردەوە. فەریبا محەممەدی، جێگری سکرتێری گشتی لە مانگی ئایار، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی دۆچە ڤلەی ئەڵمانی، تۆمەتەکانی بە "شەڕی دەروونی" ناوبرد. ئەدیب وەتەندۆست، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لە هەمان کاتدا و بە هەمان کەناڵی گوت، حیزبەکە "تەنانەت یەک فیشەک، یان یەک سەنت"یشی وەرنەگرتووە.
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) رایگەیاند کە "هیچ پەیوەندییەکی لەو شێوەیە"ـیان لەگەڵ ئەمریکا نەبووە.
- پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و هێزەکانی سەر بەو پارتە، هەر جۆرە تێوەگلانێک یان وەرگرتنی چەکیان رەتکردەوە.
هەڵوێستی پارتەکانی باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان
- حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەو دەنگۆی گەیشتنی چەک بە هەرێمی کوردستانی رەت کردەوە و هەر جۆرە تێوەگلانێکی لە پلانی پڕچەککردنی خۆپێشاندەرانی ئێران یان تێکدانی سەقامگیریی ئێران رەتکردەوە.
- پارتی دیموکراتی کوردستان: سەرکردەکان رایانگەیاند کە پارتە کوردییەکان رەتیدەکەنەوە ببنە بەشێک لە ململانێ دەرەکییەکان. بەرپرسانی پارتی جەخت دەکەنەوە کە هیچ چەکێکی ئەمریکی نەگەیشتووەتە دەستیان و هەر پلانێکیش هەبووبێت، هەڵوەشاوەتەوە چونکە پارتە کوردییەکانی ئێران ئامادە نەبوون تێوەبگلێن.
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: هەڵوێستی فەرمییان رەتکردنەوەی تێوەگلانە. بەڵام بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پیێرس مۆرگان، رۆژنامەڤانی بەریتانی، وەڵامێکی جیاوازتری دایەوە. ئەو بەتەواوی رەتینەکردەوە کە رەنگە چەک نێردرابێتە شوێنێک، بەڵکو روونیکردەوە: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ئەو چەکانەی سەرۆک ترەمپ دەیگوت کورد دەستی بەسەردا گرتوون، لە سلێمانی نەدزراون، من ناشتوانم بەناوی لایەکەی دیکەوە قسە بکەم."
- هەروەها گوتیشی کە ئەگەر ئەوە راست بێت، ئەوا رەفتارێکی "شەرمەزاریی تەواوە" و گوتی: "بەکارهێنانی کورد وەک قەڵخان لە شەڕدا بیرۆکەیەکی خراپە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە تۆ شت لە هاوپەیمانەکەت بدزیت. ئێمە نامانەوێت شت لە سەرۆک ترەمپ بدزین."
سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان لە ئێران
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت ئەگەر خەڵکی ئێرانیش چەکیان بەدەستبگەیشتایە، هێشتا ترسیان دەبوو. ئەو باسی لە حکومەتی ئێران کرد کە چۆن دژی خۆپێشاندەران چەکی قورس، نیشانەشکێن و لەسێدارەدانی ئاشکرا بەکاردەهێنێت؛ لەنێویاندا لەسێدارەدانی زۆرانبازێکی ناسراو و دوو هاوڕێی بە کرێن. بەگوتەی ترەمپ، لانی کەم 40 بۆ 50 هەزار کەس لە ئێران کوژراون و ئەمەش وایکردووە خەڵک زۆر بترسن لەوەی بەردەوام بن لە خۆپێشاندان.
ترەمپ گوتی: "کاتێک لوولەی چەکێکت ئاراستە دەکرێت، یان کاتێک چوار قەناس بەدەست لەسەر چوار باڵەخانەی جیاوازەوە تەقە لە سەری خەڵک دەکەن، زۆر زەحمەتە بتوانن خۆپێشاندان بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا بەراوردی نێوان خۆپێشاندانەکانی ئەمریکا و ئێرانی کرد و روونیکردەوە، لە ئەمریکا کاتێک خۆپێشاندەران رووبەڕووی پۆلیس دەبنەوە، زۆرجار پۆلیسەکان کارەکانیان لەدەستدەدەن یان سزا دەدرێن، بەڵام لە ئێران راستەوخۆ تەقە لە خۆپێشاندەران دەکرێت.
پێگەی لاوازی ئێران لە دانوستاندنەکاندا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا توانای سەربازیی ئێرانیان ئیفلیج کردووە، بەشێکی زۆری سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکان، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و توانای درۆنەکانیان لەنێوبردووە. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە رژێمی ئێران "کۆتایی هاتووە" و ئێستا لە پێگەیەکی زۆر لاوازەوە سەرقاڵی دانوستاندنـە لەگەڵ واشنتن.
ترەمپ رەخنەی لە میدیاکانیش گرت بەوەی سەرکەوتنەکانی ئەمریکا بچووک دەکەنەوە و پێگەی ئێران گەورەتر لە قەبارەی خۆی نیشان دەدەن.
ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ئەمشەویش بۆردوومانی زیاتری ئێران دەکرێت و گوتیشی، بەهۆی وێرانبوونی سیستەمی بەرگریی ئێرانەوە، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بیانەوێت، دەتوانن بە کەمترین رووبەڕووبوونەوە بچنە نێو خاکی ئێرانەوە.



