رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی کۆریای باشوور سزای 30 ساڵ زیندانیی بەسەر یون سوک یۆل، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەدا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی رەوانەکردنی درۆن بۆ ناو خاکی کۆریای باکوور بە مەبەستی دروستکردنی پاساو بۆ راگەیاندنی یاسای بارودۆخی نائاسایی لە ساڵی 2024دا.
رۆژی هەینی، 12ی حوزەیرانی 2026، گوتەبێژی دادگای ناوچەی ناوەندیی سیئۆل راگەیاند، یون سوک یۆل بەهۆی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون، سزای 30 ساڵ زیندانیی بۆ دەرچووە. ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە مانگی شوباتدا سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ دەرچووبوو بە تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی یاخیبوون و پەکخستنی پەرلەمانی وڵاتەکەی.
داواکارانی گشتی لە مانگی نیساندا رایانگەیاندبوو، هەوڵەکانی یون بۆ "دروستکردنی دۆخی جەنگ" لە رێگەی درۆنەکانەوە، ئاسایشی دەوڵەتی خستووەتە مەترسییەوە. هەروەها باسیان لەوە کردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ کۆریای باکوور و دزەکردنی زانیارییە نهێنییە سەربازییەکان دوای ئەوەی درۆنەکان لەوێ کەوتونەتە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەوە، تیمی یاسایی سەرۆکی پێشوو هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و تانەی لە بڕیارەکە داوە. تیمە یاساییەکە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە یون تەنیا لە پێناو بەرژەوەندیی گەلدا یاسای بارودۆخی نائاسایی راگەیاندووە. پارێزەرەکانی گوتیان، رەوانەکردنی درۆنەکان وەڵامێک بووە بۆ ناردنی میزەڵدانی پڕ لە زبڵ لە لایەن پیۆنگیانگەوە و وەک "بەرگری لەخۆکردن" وەسفیان کرد، نەک پلانێک بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات. ئەوان بانگەشەکانی داواکاری گشتییان بە "چیرۆکێکی خەیاڵیی ناڕاست" ناوبرد.
فڕینی درۆنەکان هێشتا وەک خاڵێکی هەستیاری ململانێ لە نێوان هەردو کۆریا ماوەتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵدا، لی جای میۆنگ، سەرۆککۆماری ئێستای کۆریای باشوور داوای لێبووردنی کرد دوای ئەوەی دەرکەوت بەرپرسانی حکومەتەکەی لە مانگی کانوونی دووەمدا درۆنیان رەوانەی باکوور کردووە.
هەرچەندە خوشکی کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، ئەو لێدوانەی سەرۆک لی-ی بە "رەفتارێکی ژیرانە" وەسف کرد، بەڵام هیوای ئاشتی زۆری نەخایاند و جارێکی دیکە پیۆنگیانگ کۆریای باشووری وەک "دوژمنکارترین وڵات" ناوزەند کردەوە، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سەقامگیریی ناوچەکە.




