رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی دیپۆرتکردن لە ئەمریکاوە گەیشتە کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، کە ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی، ئەفغانستانی، تورکیایی و جۆرجیایی هەڵگرتبوو. ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی ئیدارەی ترەمپ بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ "وڵاتی سێیەم" دێ.
پارێزەران و چالاکڤانانی بواری کۆچبەران دەڵێن، فڕۆکەکە رۆژی هەینی لە بانگیی پایتەختی کۆماری ئەفریقای نێوەراست نیشتووەتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، واشنتن پێشتر هۆشداری دابووە هاووڵاتیانی خۆی کە بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن، بەهۆی ناسەقامگیری و هەبوونی تووندوتیژییەوە.
ئەو ئێرانییانەی لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، پێشتر لە دادگاکانی ئەمریکا مافی "رێگریکردن لە ناردنەوەیان" پێدرابوو، کە جۆرێکە لە پارێزبەندیی یاسایی بۆ ئەوانەی لە وڵاتەکانی خۆیان مەترسییان لەسەرە. ئیدارەی ترەمپ دەڵێت "ناکرێ بۆ وڵاتی بنەڕەتییان بیانگێڕینەوە، بەڵام دەکرێ بۆ هەر شوێنێکی دیکەی جیهان بنێردرێن".
ئێمیلی ترۆستڵ، پارێزەری دوو ژنی ئێرانی کە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، رایگەیاند: "دەترسین دواجار ئەو کۆچبەرانە لە ئەفریقاوە ناچار بکرێن بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی لێی هەڵاتوون."
بەگوێرەی داتاکانی (ICE Flight Monitor)، فڕۆکەکە لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکاوە بەڕێ کەوت، دوای وەستانێکی کورت لە گانا، گەیشتە بانگی. گانا بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانەی ئەمریکا دیپۆرتیان دەکات.
ئالما دەیڤد، پارێزەرێکی دیکەی کۆچبەران، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەسانەی نێردراونەتە ئەفریقای نێوەڕاست، خەڵکی وڵاتانی جیاوازن و ئێستا لە وڵاتێکدا جێهێڵدراون کە هیچ پەیوەندییەکیان پێانەوە نییە.
کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست وڵاتێکی هەژار و پڕ لە ململانێی چەکدارییە. هەرچەندە هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەکدارەکانی گرووپی (ڤاگنەر)ـی نزیک لە رووسیا لەوێ ئامادەییان هەیە، بەڵام گرووپە چەکدارە یاخیبووەکان هێشتا مەترسین بۆ سەر ژیانی خەڵک.
پۆڵ کریسێنت، شارەزای سیاسی لە بانگی دەڵێ: "حکومەتی ئەفریقای نێوەڕاست هیچ زانیارییەک نادات و بێدەنگە. نازانین ئایا ئەم کۆچبەرانە تەنیا بە ترانزێت لێرەن، یان مافی داواکردنی پەنابەرییان دەبێت."


