رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بووە مەیدانی دوو خۆپێشاندانی گەورە و دژبەیەک لەسەر پرسی کۆچبەران؛ بەرەیەکیان داوای دەرکردنی کۆچبەران و رەوانەکردنەوەیان دەکەن، بەرەکەی دیکەش وەک پشتیوانییەک بۆ کۆچبەران و دژی رەگەزپەرستی رژانە سەر شەقامەکان.
خۆپێشاندانی یەکەم لەلایەن بزووتنەوەی راستڕۆی "گەڕانەوەی کۆچبەران و داگیرکردنەوە" رێکخرابوو. ئەمەش دوای ئەوەی توانییان 50 هەزار واژۆ کۆبکەنەوە بۆ پڕۆژەیاسایەک کە داوای گرتنەبەری رێکاری تووند و دەرکردنی کۆچبەران لە ئیتاڵیا دەکات، بڕیارە پڕۆژەکە ببرێتە پەرلەمان.
سڵاوی فاشیستەکان لە شەقامەکانی رۆما
لەو گردبوونەوەیەدا کە چەندین هەزار کەسی راستڕۆ تێیدا بەشداربوون، دروشمی تووند دژی کۆچبەران بەرزکرایەوە. هەندێک لە بەشداربووان بە سڵاوی فاشیستەکان و هێنانی ناوی "دوچی" (نازناوی بینیتۆ مۆسۆلینی، دیکتاتۆری فاشیستی پێشووی ئیتاڵیا) دەرکەوتن.
زاراوەی "گەڕانەوەی کۆچبەران" کە لەلایەن ئەم گرووپانەوە بەکاردێت، ئاماژەیە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی بیانییەکان و دیپۆرتکردنەوەیان.
بەرەی دژە فاشیزم: نەژادپەرستی رەتدەکەینەوە
لە لایەکی دیکەی شارەکەوە، دەیان هەزار کەس لە گرووپە چەپەکان، سەندیکاکانی کرێکاران و چالاکڤانانی مەدەنی گردبوونەوەیەکی فراوانیان دژی فاشیزم و نەژادپەرستی کرد.
رۆبێرتۆ ماسوچی، کۆمیسیاری پۆلیسی رۆما رایگەیاند، هەزاران ئەفسەری پۆلیس بۆ رێگری لە پێکدادان و پاراستنی ئاسایش بڵاوکراونەتەوە و خۆپێشاندانەکانیش بێ تووندوتیژی کۆتاییان هاتووە.
سەرێشەی کۆچبەران بۆ حکومەتەکەی مێلۆنی
پرسی کۆچبەران بووەتە جۆرە "هاوسەنگییەکی سیاسی" قورس بۆ حکومەتە هاوپەیمانەکەی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا. لە کاتێکدا پارتی (Lega)ـی راستڕۆ پشتیوانی لە پڕۆژەیاسای دەرکردنی کۆچبەران دەکات، بەڵام پارتی (برایانی ئیتاڵیا)ـی مێلۆنی و هاوپەیمانە ناوەندییەکانی بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکەن.
حکومەتەکەی مێلۆنی سەرەڕای دروشمە راستڕۆکانی، لە ساڵانی رابردوودا رێگەی داوە بە هاتنی 452 هەزار کرێکاری بیانی لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئەوەی کەمیی هێزی کار لە کەرتە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا پڕبکەنەوە.
ئەم خۆپێشاندانە دژبەیەکان تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە دێن کە یەکێتیی ئەورووپا یاسای نوێی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەرانی نایاسایی و داواکارانی مافی پەنابەری پەسند کرد.



