رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێ، چی دیکە پرسی نێوان ئێران و ئەمریکا بەو جۆرە نییە کە ئایا رێککەوتن دەکەن یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە "کەی" واژۆ دەکرێ؛ داوای لە ئێرانیش کرد کە حیزبوڵڵا لە هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل رابگرێ.
وەزیری جەنگی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس) گوتی، پێشبینی ناکات هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر باشووری بەیروت ببنە بەربەست لەبەردەم رێککەوتن لەگەڵ ئێران.
هێگسەس هۆشداری دایە تاران و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران دەیەوێ ئەم رێککەوتنە بپارێزرێ، دەبێت رێگری لە حیزبوڵڵا بکات و جڵەوی بکات."
وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی، واشنتن بە وردی چاودێریی هاوێشتنی مووشەک لەلایەن حیزبوڵڵاوە بە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل دەکات و گوتی: "ئەمە بابەتێکە کە دەبێت رابگیرێ. پێویستە ئێران هانی حیزبوڵڵا بدات هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بووەستێنێت."
سەبارەت بە کاردانەوەکانی تەلئەڤیڤ بەرامبەر حیزبوڵڵا، پیت هێگسەس گوتی: "وەڵامی ئیسرائیل بۆ حیزبوڵڵا بە دانبەخۆداگرتنێکی زۆرەوە بووە، چونکە ئەوان درکیان بەوە کردووە کە ئێمە لە لێواری گەیشتن بە رێککەوتنین."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر باشووری بەیرووت.
میدیای فەرمیی لوبنان، رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردەوە، هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل شوقەیەکی لە گەڕەکی (غوبەیری) لە باشووری بەیرووت کردە ئامانج. باشووری بەیرووت بە پێگەی سەرەکیی حیزبوڵڵا دادەنرێ.
لە ئەنجامی بۆردوومانەکە دووکەڵێکی زۆر لە ناوچەکە بەرزبووەوە و خەڵکێکی زۆر لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ هێرشە درۆنییەکانی حیزبوڵڵا بۆسەر باکووری ئیسرائیل.
هاوکات رۆژی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، سێ درۆنی لە باکووری وڵاتەکەی تێکشکاندووە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)