رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نزیکەی کاژێرێک بە تەلەفۆن قسەیانکرد، تێیدا جەنگی ئۆکراینا و ئێرانیان تاووتوێ کرد و رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەم زووانە هەردوو نێردەی ئەمریکا، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، سەردانی رووسیا بکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 14-06-2026، نووسینگەی کرێملن بڵاویکردەوە، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ڤلادیمیر پووتین بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپەوە پیرۆزبایی لێکردووە و ترەمپیش بەم پیرۆزباییە کاریگەر بووە و سوپاسی کردووە، [ترەمپ] ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکی رووسیا یەکەم سەرکردەی بیانییە کە ئەمڕۆ پەیوەندیی پێوەکردووە.
یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری پووتین رایگەیاند، لە پەیوەندییەکەدا ترەمپ بە پووتینی راگەیاندووە، رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "دەکرێت هەر ئەمڕۆ رابگەیێندرێت."
پووتین خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بەوەی کە جەنگی ئەمریکا-ئێران لەژێر کۆنترۆڵدایە و رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری کراوە.
کرێملن رایگەیاند لە پەیوەندییەکەدا، ترەمپ ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەکارهێنانی کاریگەرییەکانی لەسەر کیێڤ و هاوبەشە ئەورووپییەکانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکراینا.
هەروەها هەردوو لایەن رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەم زووانە هەردوو نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، سەردانی رووسیا بکەنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسانە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هیوادارە لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا دۆسیەی "داگیرکاریی رووسیا و هەوڵەکانی ئاشتی" لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا تاووتوێ بکات.
زیلینسکی، کە پێشتر لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردبوو، رایگەیاند: "ئێمە گفتوگۆمان لەسەر ئەو شتانە کرد کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەرۆکم لە دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی جەنگ و بەهێزبوونی پێگەکەمان ئاگادارکردەوە."
سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی، هەردوولا رێککەوتوون لە کاتی کۆبوونەوەی لووتکەی G7ـدا بە وردی قسە لەسەر ئەم دۆسیەیە بکەن و ئاسۆکانی پێشکەوتن بسەلمێنن.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)