رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا رایانگەیاند، بەیانیی رۆژی دووشەممە کەمێک دوای فڕینی، فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی جۆری (B-52) لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە بیابانی مۆهاڤی لە باشووری کالیفۆرنیا تێکشکا و هەر هەشت سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا.
جەیمس هێیز، جێگری فەرماندەی بنکەی ئاسمانیی ئێدواردز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئێمە هەشت ئەمریکیی مەزنمان لەدەستدان."
بنکە سەربازییەکە لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە کاژێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆ بە کاتی کالیفۆرنیا کە دەکاتە 9:20 خوولەکی شەو بە کاتی هەولێر، لە کاتی ئەرکێکی تاقیکردنەوەی ئاساییدا لە بنکەکە کە دەکەوێتە باکووری لۆس ئەنجلس، کەوتووەتە خوارەوە. لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە فرۆکەکە بەتەواوی سووتاوە و هیچی لێ نەماوەتەوە. هەروەها دووکەڵێکی رەش لە رووبەرێکی گەورەی بیابانەکە لە نزیک رێڕەوی فڕینی بنکەکە بەرزدەبێتەوە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاریش لە نزیک شوێنی رووداوەکەن.
تاوەکو ئێستا هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکە بە روونی نەزانراوە.
هێیز گوتی: "دوای پێداچوونەوە بە ڤیدیۆی ساتی کەوتنە خوارەوەکە، دەرکەوت کە رووداوەکە بە جۆرێک بووە هیچ کەسێک ناتوانێت تێیدا رزگاری ببێت."
جێگری فەرماندەی بنکەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەکی کاتییان بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە سەرەتاییەکان پێکهێناوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و پێدەچێت تەواوی پرۆسەکە نزیکەی شەش مانگ بخایەنێت.
فڕۆکەی (Boeing B-52 Stratofortress) فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی دوورمەودایە و لە ساڵی 1955ـەوە خراوەتە خزمەتەوە. فڕۆکەکە توانای هەڵگرتنی چەکی ئاسایی و ئەتۆمیشی هەیە و لە سەرجەم ئەو ململانێ و شەڕانەدا بەکارهاتووە، کە سوپای ئەمریکا تێیدا بەشدار بووە، لە ڤیێتنامەوە تاوەکو دەگاتە جەنگی ئەمدواییەی ئێران.
بنکەی ئاسمانیی ئێدواردز دەکەوێتە دووریی نزیکەی 161 کیلۆمەتر لە باکووری لۆس ئەنجلس و بەشێکی زۆری پرۆسەی تاقیکردنەوە و پەرەپێدانەکانی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لەو بنکەیەدا دەکرێت. باڵی 412ـی تاقیکردنەوە کە سەرپەرشتیی بنکەکە دەکات، هەڵدەستێت بە تاقیکردنەوەی سەرجەم فڕۆکەکان، سیستمی چەکەکان، نەرمەواڵە و کەرەستەکانی هێزی ئاسمانی پێش کڕینیان لەلایەن سوپاوە.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)