رووداو دیجیتاڵ
دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا دەڵێن، پلانێکی مەترسیداریان بۆ هێرشکردنە سەر کۆشکی سپی پووچەڵ کردووەتەوە، کە بڕیار بووە لەکاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکی وەرزشی بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترهمپ و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە جێبەجێ بکرێت.
رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 کاش پاتێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "بەهۆی کاردانەوەی خێرای ئێف بی ئای و وەزارەتی داد، توانیمان چەندین کەس دەستگیر بکەین و رێگری لە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بکەین."
میدیای ئەمریکا دەڵێ، 5 کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵەران تۆڕێکی 23 کەسییان دەستنیشان کردووە، کە لە رێگەی ئەپلیکەیشنی (سیگناڵ)ەوە هاوئاهەنگییان کردووە.
وەک میدیای ئەمریکا دەڵێ، پیلانەکە بریتی بووە لە بەکارهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ لێدانی باڵەخانەکانی دەوروبەری کۆشکی سپی لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی زۆرانبازی، تاوەکو پشێوی دروست ببێت و خەڵکەکە ناچار بن ناوچەکە چۆڵ بکەن؛ دواتریش تیمێکی نیشانەشکێن کە پێشوەختە جێگیر کرابوون، تەقە لەو ناوچەیە بکەن.
میدیای ئەمریکا دەڵێ، بڕیاربوو دواتر ژمارەیەک لە کەسانی نێو پیلانەکە هەوڵی هەڵکوتانە سەر دەروازەکانی کۆشکی سپی بدەن.
ئەم هێرشە بڕیار بووە رۆژی 14ی حوزەیران بکرێ، کە رۆژی لەدایکبوونی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دەستپێکی ئاهەنگەکانی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا بوون. ترهمپ لەو رۆژەدا لەگەڵ هەزاران هاندەر لە حەوشەی باشووری کۆشکی سپی ئامادەی یارییەکانی زۆرانبازی بوو.
شان کوران، بەڕێوەبەری دەزگای نهێنی رایگەیاند، تیمەکانیان شەو و رۆژ کاریان کردووە تاوەکو بەرپرسیارانی ئەم هەڕەشەیە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن.
ترهمپ لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی چەندین هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە خۆیشی لەو رێوڕەسمەدا ئامادە بوو، ئەم بەیانییە لە کەناڵی فۆکس نیووز پیلانەکەی وەک "پیلانێکی تێرۆریستیی هاوئاهەنگیکراو" ناوبرد. ڤانس بێ ئەوەی وردەکاریی لەسەر ناسنامەی تۆمەتبارەکان بدات، لایەنە چەپڕەوەکانی تۆمەتبار کرد بە هاندانی تووندوتیژی.
ڤانس گوتی، "پێویستە هاوکارە دیموکراتەکانم لە واشنتن سەیری ئاوێنە بکەن و لە خۆیان بپرسن بۆچی زۆربەی ئەم تووندوتیژییە سیاسییانە لە لایەنەکەی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێ؟"



.jpg&w=3840&q=75)
