رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران، ئامادەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەستپێبکاتەوە ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئەمەش تەنیا دوو رۆژ پێش واژۆکردنی رێککەوتننامەی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان هەردوو لایەن دێت.
رۆژی چوارشەممە، 17-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە لووتکەی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا، بە ئاماژەدان بەو رێککەوتننامەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی هەینی لە سویسرا واژۆ بکرێت، گوتی: "نەخێر ئەمە دەقی کۆتایی نییە. ئەمە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنە."
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی گەڕانەوەی هێرشەکانی کرد و گوتی: "ئەگەر بە دڵم نەبێت، بۆ بۆردوومانکردنیان دەگەڕێینەوە."
دۆناڵد ترەمپ لە تەنیشت عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر دانیشتبوو و بە تۆنێکی تووند هەڕەشەی کرد و گوتی: "ئەگەر ئەوان بە باشی رەفتار نەکەن، راستەوخۆ بۆمب بەسەر ناوەندی سەریان دەبارێنین."
ترەمپ گوتی: "ئەوان بۆ ماوەی 47 ساڵ بوو بە خراپی رەفتاریان دەکرد."
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ دا بە کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و بەرپرسە باڵاکانی دیکە لە هێرشە ئاسمانییەکان دا دەستیپێکرد و ناوچەکەی تووشی ئاڵۆزییەکی گەورە کرد.
بڕیارە گفتوگۆکانی چارەسەری کۆتایی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە رۆژی هەینی، راستەوخۆ دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لە سویسرا دەستپێبکات و لە ماوەی 60 رۆژدا بەردەوام بێت بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی وردەکارییە تهكنیكییهكانی رێککەوتنەکە.



