رووداو دیجیتاڵ
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ناو کۆشکی ئێلیزێ کۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی چەندین دۆسیەی سیاسی و دوایین پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە بووە. هەروەها باسی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە ئەورووپاییـەکان کراوە تاوەکو هاوئاهەنگیـی زیاتر لە بوارە ئەمنی و سیاسییەکاندا دروست ببێت.
ئەم سەردانەی شاندی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ فەرەنسا، بەشێکە لە گەشتێکی فراوانتر بۆ چەند وڵاتێکی ئەورووپا.
لەم گەشتەدا، هەردوو سەرکردەکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەورووپایی کۆدەبنەوە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان و گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەکانی سووریا.



