رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئوسترالیا رەتی دەکاتەوە بەرپرسیارێتیی گواستنەوە و چارەسەرکردنی پەناخوازێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی حاتەم یەکتا لەئەستۆ بگرێ، کە ئێستا لە وڵاتی پاپوا گینیای نوێیە و بەهۆی نەخۆشییەکی سەختەوە ژیانی لە مەترسییەکی گەورەدایە.
حاتەم یەکتا یەکێکە لەو پەناخوازانەی کە ساڵانێکی زۆرە بەهۆی سیاسەتی تووندی ئوسترالیا بەرامبەر پەناخوازان، رەوانەی کەمپەکانی دوورگەی پاپوا گینیای نوێ کراوە و لەوێ گیری خواردووە.
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان و لێدوانی چالاکڤانان، حاتەم یەکتا ماوەیەکی زۆرە بەدەست نەخۆشییەکی سەختەوە دەناڵێنێت. رەوشی تەندروستیی رۆژ بە رۆژ روو لە خراپبوونە و جەستەی زۆر لاواز بووە.
پزیشکان هۆشدارییان داوە کە دەبێت ئەو هاونیشتمانییە بەپەلە ببردرێتە نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو لە ئوسترالیا، چونکە سیستمە تەندروستییەکەی پاپوا گینیای نوێ توانای دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەو جۆرە نەخۆشییە ئاڵۆز و سەختانەی نییە، مانەوەیشی لەوێ مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەکات.
سەرەڕای مەترسییەکانی سەر ژیانی ئەم پەناخوازە کوردە، دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە رووی یاساییەوە ئەوان بەرپرسیار نین لەو پەناخوازانەی لە پاپوا گینیای نوێ ماونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا دەڵێ، دابینکردنی چارەسەری پزیشکی بۆ حاتەم یەکتا و پەناخوازەکانی دیکە لەئەستۆی حکومەتی پاپوا گینیای نوێیە، ئەوەش بەو پاساوەی کە رێککەوتنی پێشووی نێوان هەردوو وڵات بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکانی دەرەوەی ئوسترالیا کۆتایی هاتووە و ئێستا ئەو پەنابەرانە لەژێر دەسەڵاتی وڵاتی میوانداردان.
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پارێزەران و پزیشکان رەخنەی تووند لە حکومەتی کانبێرا دەگرن. ئەوان دەڵێن، ئەوە سیاسەتی ئوسترالیا بوو کە حاتەم یەکتا و سەتان پەناخوازی دیکەی بە زۆر رەوانەی ئەو دوورگەیە کرد، بۆیە ناتوانن لەڕووی ئەخلاقی و مرۆییەوە بە پاساوی یاسایی لە بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی ئەو مرۆڤانە هەڵبێن.
پارێزەرانی حاتەم یەکتا هەوڵێکی زۆر دەدەن لە رێگەی دادگاکانی ئوسترالیاوە حکومەت ناچار بکەن ڤیزەی چارەسەری پزیشکیی پێبدات پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی ئوسترالیا رەتی دەکاتەوە پێشوازی لێ بکات.



