رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی تەمەن 30 ساڵ کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی سوێد کرابووەوە، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە سەرکردایەتیکردنی تۆڕی تاوانکاریی فۆکسترۆت، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر دا سەپێندرا.
پوویا شەفیعی، کە تەمەنی 30 ساڵە، لە ساڵی 2024 دا لە هەرێمی کوردستانەوە بە فڕۆکەیەک نێردرایە فڕۆکەخانەی ئارلاندای ستۆکهۆڵم و هەر لەوێش لەلایەن پۆلیسی سوێدەوە دەستگیر کرا.
ئەو تۆمەتانەی دادگای ناوچەی (سۆدەرتۆرن)ـی سوێد، شەفیعیی لەسەر بە تاوانبار ناساندووە، بریتین لە بەشداریکردن لە سەرکردایەتیکردنی تۆڕی فۆکسترۆت، کە سەرۆکەکەیان رەوا مەجیدە. ئەو تۆڕە لە سوێد، ئەمریکا و بەریتانیا خراوەتە لیستی رێکخراوە تاوانکارییەکانەوە.
دادگاکە لە راگەیێندراوێک دا دەڵێت، ئەو تاوانانەی لەسەر پوویا ساخ بوونەتەوە هێندە گەورەن کە کەڵکی ئەوەیان نییە سزای زیندانی بۆ ماوەیەکی دیاریکراویان بۆ دەربچێت، بەو هۆیەشەوە سزاکەی بووەتە زیندانیی هەتاهەتایی.
سەرەڕای ئەوەش، لە نێو لیستی درێژی تۆمەتەکانی سەر شەفیعی، دادگا لە دوو تۆمەت بێتاوانیی ئەوی سەلماندووە؛ یەکێکیان هەوڵدان بووە بۆ کوشتنی کەسێک و دووەمیشیان ئەنجامدانی تاوانی گەورە بە چەک.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەی دادگاییکردنی شەفیعی بەردەوامە و ئەو لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا هەموو تۆمەتەکانی رەت کردووەتەوە. هاوکات بڕیارەکەی ئێستای دادگاش بڕیاری کۆتایی نییە و بڕیارە لەلایەن پارێزەرەکانییەوە تانەی لێ بدرێتەوە.


