رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەردانی سویسرا دەکات؛ ئەم لێدوانەی ڤانس تەنیا چەند خولەکێک پێش راگەیاندنی داخستنەوەی تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە هات.
رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: "پێشبینی دەکەم لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا بەڕێبکەوم، بەڵام وەک دەزانن ئەمە هەمیشە هەوڵێکی هەستیاری هاوئاهەنگییە." ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڤانس دوو رۆژ لەمەوبەر گەشتە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ سویسرا دواخستبوو.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا، ئێستا لە سویسران و سەرقاڵی تاوتوێکردنی "هەندێک لە لایەنە تەکنیکییەکان"ی گفتوگۆکانن. ڤانس راشیگەیاند، نێردەکان پێیان راگەیاندووە "کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن."
هاوکات حکومەتی پاکستان رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە ناوچەی بورگێنشتاک لە سویسرا دەستپێبکەن؛ تێیدا نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
هورمز؛ هەڕەشەیەک بۆ سەر رێککەوتنەکە
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، شاندێکی دانوستاندنکاری وڵاتەکەیان بەرەو سویسرا بەڕێکەوتووە، بەڵام هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هۆشداری دا کە رێککەوتنەکە "لە مەترسیدایە."
ئەم هۆشدارییەی تاران هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری ئێران بۆ داخستنەوەی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا؛ تاران هۆکاری ئەم هەنگاوەی بۆ بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گەڕاندەوە. ئێران، واشنتنی بە "پەیمانشکێنی" و ئیسرائیلی بە "پێشێلکردنی ئاگربەستی باشووری لوبنان" تۆمەتبار کرد.
دوابەدوای راگەیاندنی داخستنی هورمز، بینیامین نەتەنیاهوو فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرشەکانیان بۆ سەر باشووری لوبنان رابگرن.
تەنگەی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز، لە زۆربەی کاتەکانی جەنگدا لەلایەن ئێرانەوە گەمارۆ درابوو، بەڵام تاران بەپێی رێککەوتنە بەراییەکەی لەگەڵ واشنتن رازی بوو بە ببوو بە دووبارە کردنەوەی.
کەمێک دوای راگەیێندراوەکەی ئێران بۆ داخستنی تەنگەکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان لە تەنگەی هورمز بە "ئامادەیی و وشیارییەوە" دەمێننەوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە.
سێنتکۆم، کە سەرپەرشتیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، ئاشکرای کرد تەنیا لە رۆژی شەممەدا 55 کەشتیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز تێپەڕیون و تاوەکو کاتی دەرکردنی بەیاننامەکەیان، رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکە بە کراوەیی و سەلامەتی ماوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکانی چاودێریی دەریاوانی رایانگەیاندبوو، رۆژی هەینی جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەکە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا.
بڕیارە گفتوگۆکانی سویسرا دەروازەیەک بن بۆ ماوەی دوو مانگ لە دانوستاندنی چڕ لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، لەوانەش بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەڵگرتنی هەمیشەیی سزاکان، تاوەکو رێگری لە گەڕانەوەی جەنگی سەرتاسەری بگرن.



