رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سکۆتلاند پیاوێکی بە تۆمەتی زنجیرەیەک هێرش لە شاری ئێدنبرە دەستگیرکرد، کە تێیدا پێنج کەس بریندار بوون. کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وا دیارە هێرشەکە بەهۆی "رقی دژ بە موسڵمانان" بووە.
پۆلیسی سکۆتلاند رایگەیاند، تۆمەتبارەکە پیاوێکی تەمەن 36 ساڵی سپیپێستە و خەڵکی سکۆتلاندە، ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و "هیچ مەترسییەک لەسەر خەڵک نەماوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، هێرشەکان رۆژی هەینی، 19ی حوزەیرانی 2026، کراون و تێیدا پێنج پیاو کە تەمەنیان لە نێوان 22 بۆ 39 ساڵان بووە، بریندار بوون؛ سێ لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام برینەکانیان سەخت نییە.
کیەر ستامەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هێرشەکەی بە "قێزەون" ناوبردووە و نووسیویەتی: "تۆمەتبارەکە بە رقی دژ بە موسڵمانان هاندراوە. من بەرگەی ئەمە ناگرم و ئەو کەسە رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی دەبێتەوە."
هاوکات جۆن سوینی، سەرۆکی حکومەتی سکۆتلاند، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "هیچ شوێنێک بۆ تووندوتیژی، رەگەزپەرستی و بێبەریبوونی بەرامبەر لە وڵاتەکەماندا نییە."
کۆمەڵەی مزگەوتەکانی سکۆتلاند و رێکخراوی (MEND) کە دژی ئیسلامۆفۆبیا کاردەکات، پشتڕاستیان کردەوە کە زۆربەی قوربانییەکان موسڵمان بوون. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، لەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، تۆمەتبارەکە بە چەکێکی گەورەوە لە شەقامەکان دەبینرێت و هاوار دەکات کە دەیەوێت "وڵات لە موسڵمانان بپارێزێت."
ئەو رێکخراوانە داوایان لە پۆلیس کردووە ئەم هێرشە وەک "کردەوەیەکی تیرۆریستیی راستڕۆ تووندڕۆکان" هەژمار بکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
