رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا بەهۆی پاڵپشتییەکانی تاران بۆ حیزبوڵڵا، ئەگەری هەیە هێرشی نوێ بکاتەوە سەر ئێران؛ ئەم هەڕەشانە و بەردەوامیی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتنیان خستووەتە لێواری هەرەس و بوونەتە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز.
لێدوانەکانی ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتێکدا دێن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سویسرایە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ شاندی ئێران؛ ئەو گفتوگۆیانەی لە پرسی ئەتۆمییەوە بۆ پرسی ئاگربەستی لوبنان گۆڕدراون. میدیای ئێران بڵاویانکردەوە، هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا وایکردووە شاندی ئێرانی مێزی دانوستاندنەکان جێبهێڵن و ئێستا دیار نییە کەی دەستپێدەکەنەوە.
هەفتەی رابردوو، ترەمپ و ڤانس، بێزاریی ئیدارەکەیان بەرامبەر بە ئیسرائیل دەربڕیبوو، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشی "تۆڵەکردنەوەی قورس"ـی تەلئەڤیڤ خەریک بوو رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران هەڵوەشێتەوە. ئیسرائیل دەڵێ، تاوەکو حیزبوڵڵا شەڕ رانەگرێت، ئەوانیش بەردەوام دەبن. بەڵام رۆژی یەکشەممە ترەمپ سەرنجی خستەوە سەر ئێران.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس نووسیویەتی: "دەبێت ئێران دەستبەجێ لە لوبنان رێگری لە بریکارەکانی بکات کە پارەیەکی زۆریان لێ خەرج دەکات و ئاژاوە دەگێڕن. ئەگەر ئەوە نەکەن، زۆر بە تووندی لە ئێران دەدەینەوە، رێک وەک ئەوەی هەفتەی رابردوو کردمان، بەڵام ئەمجارە زۆر تووندتر."
میدیا فەرمییەکانی ئێران دەڵێن، لێدوانەکانی ترەمپ پێشێلکردنی ئەو یاداشتنامەیە رۆژی چوارشەممە واژۆکرا، کە تێیدا هەردوولا پابەند بوون بەوەی هێرش نەکەنە سەر یەکدی و هەڕەشە لە یەک نەکەن.
ئەو رێککەوتنە لە یەکەم بڕگەیدا داوای کردنەوەی تەنگەی هورمز، دەستپێکردنی گفتوگۆی ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان دەکات (کە داواکاریی سەرەکیی ئێران بوو). بەڵام پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردوو وایکرد ئێران رۆژی شەممە داخستنی تەنگەی هورمز رابگەیێنێت و بڵێت: تەوەری گفتوگۆکانی سویسرا تەنیا بۆ چارەسەری دۆخی لوبنان دەبێت.
هەڕەشەی ترەمپ لە ئێران: چیدیکە وڵاتێکتان نابێت
تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز بڵاویکردەوە، ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا گوتوویەتی شەوی شەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران قسەی کردووە و هۆشداریی داونەتێ کە تەنگەکە دانەخەن. ترەمپ پێی گوتوون: "ئەگەر دایبخەن، چیدیکە وڵاتێکتان نابێت. تەنانەت ناگەنەوە بەو وڵاتە نەفرەتییەی خۆتان."
ئاژانسی تەسنیم، کە میدیای فەرمیی ئێرانە رایگەیاند، شاندی وڵاتەکەیان بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپەوە دانوستاندنەکانیان هەڵپەساردووە. تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیش دەڵێت دیار نییە کەی دەستپێدەکەنەوە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری تاران رایگەیاند، ئێران ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی. قالیباف لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسیویەتی: "باشترە وریای لێدوانەکانیان بن، هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بە شێوەیەکی جیاواز وەڵام بدەنەوە. هەرچییەک بڵێن، ئێمە ئەوانەین کە کردارمان هەیە."
کەشی تووندی ئەمنی لە بورگێنشتاک
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرکردایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات. هەردوولا لە هاوینەهەواری بورگێنشتاک لە چیاکانی ئەڵپ دەستیان بە گفتوگۆ کرد دوای ئەوەی بە جیا لەگەڵ نێوەندگیرەکانی قەتەر و پاکستان کۆبوونەوە.
ڤانس دوای یەکەم گەڕی گفتوگۆکان بە گەشبینییەوە گوتی: "لە چەند کاژێری رابردوودا پێشکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە و پێشبینی دەکەم لە کاژێرەکانی داهاتوودا پێشکەوتنی زیاتر ببینین." ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئێران چالاکییە تێکدەرەکانی رابگرێت، ئەمریکا ئامادەیە "لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گەلی ئێران." بەڵام قالیباف لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا ئامادە نەبوو.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر گوتبووی: "رژێمی ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی پابەندییەکانی" و رەخنەی لە ئەمریکا گرت کە ناتوانێت یان نایەوێت جڵەوی هاوپەیمانەکەی بکێشێت. گوتیشی: "ئەم بابەتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی ئەمڕۆیە."
شوێنی دانوستاندنەکان لەژێر رێوشوێنی توندی ئەمنیدایە. هێزە ئەمنییەکان بە چەک و جلی دژە گوللـە و جلی سەربازییەوە لە ناو دارستان و چیا بەفراوییەکاندا بڵاوەیان پێکراوە. دەروازەی ئەو هۆتێلەی میوانداریی کۆبوونەوەکان دەکات، بە بلۆکی کۆنکرێتی و بەربەستی ئاسنین پارێزراوە.
کێشەی لوبنان و تەنگەی هورمز
هەردوولا لەژێر گوشارێکی زۆردان بۆ راگرتنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، کە هیچ کامێکیان لایەنی سەرەکیی سەر مێزی دانوستاندنەکان نین.
هەفتەی رابردوو لوبنان خراپترین ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینی لەوەتەی ئاگربەستی نیسانەوە. رۆژی شەممە ئێران تەنگەی هورمزی داخست و ئاژانسی (فارس) دەڵێ: هێشتا داخراوە. بەڵام سوپای ئەمریکا دەڵێ، رێڕەوەکە کراوەیە و چاودێری دەکەن.
کۆمپانیای لۆرد لیست دەڵێ، هاتووچۆ هەیە، بەڵام زۆر سنووردارە. ئاژانسی "تەسنیم" هۆشداری داوە کە هورمز ناکرێتەوە تاوەکو ئاگربەستی لوبنان جێگیر نەبێت و رێگە بە ئێران نەدرێ نەوتەکەی هەناردە بکات.
گرێکوێرەی ئەتۆمی و پارە بلۆککراوەکان
ڤانس پێش فڕینی بەرەو سویسرا پشتڕاستی کردەوە کە ئاگربەستی لوبنان و پرسی ئەتۆمی تەوەری سەرەکین. واشنتن دەیەوێت ئێران کۆگای یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی لەناو ببات یان رادەستی بکات و بۆ 20 ساڵ پیتاندن رابگرێت. ئێران پێشنیاری "کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی" کردووە لە ناوخۆی وڵات و راگرتنی کارەکان بۆ 10 ساڵ.
لە بەرامبەردا ئەمریکا بەڵێنی لادانی فراوانی سزاکان، رێگەدان بە فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێرانی داوە، کە بڕیاربوو بە 6 ملیار دۆلاری ناو هەژمارەکانی قەتەر دەستپێبکات تاوەکو تاران کاڵای مرۆیی پێ بکڕێت. باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند کە تاران دەیەوێت پرسی ئازادکردنی داراییەکان و لادانی سزاکانی نەوت بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.



