رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە دانوستاندنەکانی سویسرا لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی و لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست هاتووە.
ئیسماعیل بەقایی، ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی رێککەوتوون، لەوانە دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری بۆ راگرتنی هەمیشەیی جەنگ لە لوبنان، پێدانی مۆڵەتی فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی تاران.
بەقایی رۆژی 22ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی گفتوگۆکانی ئاشکرا کرد و گوتی: "دوای 1.5 کاژێر لە گفتوگۆی راستەوخۆ، لایەنەکان بۆ پشوویەکی نیو کاژێری رێککەوتبوون، بەڵام لەو ماوەیەدا لێدوانی هەڕەشەئامێزی سەرۆکی ئەمریکا لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە." ئەمەش وایکرد شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران چیدیکە ئامادە نەبێت لە کۆبوونەوەی راستەوخۆی چوارقۆڵیدا بەردەوام بێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە روونیکردەوە، بەهۆی ئەو گوشار و هەڕەشانەوە، پڕۆسەی دانوستاندنەکە لە کاژێر 06:00ی ئێوارەوە تاوەکو بەرەبەیانی دووشەممە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لەلایەن نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکانەوە بەڕێوەچووە.
راگرتنی جەنگی لوبنان و مۆڵەتی فرۆشتنی نەوت
سەبارەت بە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی پەیامەکان، بەقایی ئاشکرای کرد کە لەسەر بەندی 1ی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە رێککەوتوون تاوەکو میکانیزمێکی نوێ بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی راگرتنی جەنگ لە لوبنان دابمەزرێنرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتنی زۆر باش لە بەندەکانی 10 و 11دا بەدەست هاتووە کە تایبەتن بە:
• پێدانی مۆڵەتی پێویست بۆ فرۆشتنی نەوت، پێکهاتەکانی نەوت و پترۆکیمیایی ئێران.
• پابەندبوونی لایەنی بەرامبەر بە ئازادکردنی داراییە سنووردارکراو و بلۆککراوەکانی ئێران.
جگە لەمانە، لایەنەکان لەسەر دروستکردنی میکانیزمێک بۆ تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و دامەزراندنی سیستمێکی چاودێری بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەردوولا (بەپێی بەندی 12) رێککەوتوون. بەقایی جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم مۆڵەتانە و ئازادکردنی داراییەکان مەرجی سەرەکین بۆ چوونە ناو قۆناخــی واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی.
بەردەوامیی کاری تیمە تەکنیکییەکان
بەقایی رایگەیاند کە ئەرکی شاندی باڵای دانوستاندنکاری ئێران بۆ ئەم قۆناخە کۆتایی هاتووە، بەڵام لە رۆژی سێشەممەوە تیمە تەکنیکییەکان بە سەرپەرشتیی کازم غەریب ئابادی، دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە تاوەکو بە شێوەیەکی چڕتر بچنە ناو وردەکاریی هەموو بەندەکان. بڕیاریشە قەتەر و پاکستان وەک نێوەندگیر راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاو بکەنەوە کە وەک بەڵگەنامەی ئەم 18 کاژێرەی گفتوگۆکانی سویسرا دەستنیشان دەکرێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە ئێکس جەختی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی هەڵگیراوە و پڕۆژەی مەزنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران دەستپێدەکات تاوەکو وڵات بگەیێندرێتە لووتکەی سەقامگیری.


