رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە گەشتێکی سێ رۆژە بۆ سێ وڵاتی کەنداو دەستپێدەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی دووشەممە 22-06-2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمە یەکەم گەشتی روبیۆیە بۆ ناوچەکە لەو کاتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی رابردوودا جەنگیان دژی ئێران دەستپێکردووە. بڕیارە گەشتەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام بێت و هەریەک لە ئیمارات، کوێت و بەحرێن بگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، روبیۆ لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە گفتوگۆ لەبارەی "یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ ئێران، هەوڵەکان بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی تەواو، ئازاد و سەلامەتانە بە تەنگەی هورمز و گرنگیی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا" دەکات.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممەش لە بەحرێن، روبیۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی کارە لەپێشینە هاوبەشەکان لەگەڵ ناوچەکەدا.
تاران لە کاتی جەنگەکەدا کوێت و بەحرێنی تۆمەتبار دەکرد بەوەی رێگەیان داوە ئەمریکا خاکەکەیان بۆ هێرشکردن بەکاربهێنێت.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە لە سویسرا بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی ئێران لەسەر بنەمای یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، کە 60 رۆژ دەداتە دانوستاندنکاران بۆ رێککەوتنێکی کۆتایی.
کردنەوەی تەنگەی هورمز کە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە گەمارۆ درابوو و نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی یاداشتنامەکە.



