رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هێرشی تووندی کردە سەر هاوپەیمانیی ناتۆ و رایگەیاند، دەتوانێت هاوکاری ئەندامەکانی نەکات.
لە کاتی قسەکردنیدا بۆ رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی، ترەمپ جارێکی دیکە گلەیی ئەوەی کرد کە کاتێک ئیدارەکەی داوای هاوکاریی بۆ شەڕی ئێران کرد، هاوپەیمانەکانی ناتۆ "ئامادە نەبوون" یارمەتیی ئەمریکا بدەن.
ئەم رەخنە بەردەوامەی ترەمپ لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە، پرسێکە بەدوور نازانرێت لە کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەیدا لەگەڵ مارک رووتە لە کۆشکی سپی، هەروەها لە لووتکەی مانگی داهاتووی ناتۆ کە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بیورووژێنێتەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ گرتووە، لە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی بەریتانیاوە تاوەکو دەگاتە جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ ئەویش بەهۆی ئەوەی پێیوایە لە کاتی شەڕی ئێراندا هاوکاریی پێویستیان نەکردووە.
بەڵام پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ ئەورووپا زۆر پێش ململانێکانی ئێران دەستی بە تێکچوون کردبوو، هۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی بازرگانیی ئیدارەی ئەمریکا بەرامبەر بە کیشوەرەکە و هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاند - کە ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری سەر بە دانیمارکە.
لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لووتکەی گرووپی حەوت (G7) لە شاری ئیڤیان لو بەین لە فەرەنسا، ترەمپ بە زمانێکی نەرمتر مامەڵەی لەگەڵ سەرکردە ئەورووپییەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانییەکە کرد، چونکە ئەوان پاڵپشتییان لە رێککەوتنە کاتییەکەی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
بەڵام پێشبینی دەکرێت لە مانگی تەممووزدا، کاتێک ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ساڵانەی ناتۆ گەشت بۆ تورکیا دەکات، جارێکی دیکە ئەو گرژییانە بەڕوونی دەربکەونەوە.



.jpg&w=3840&q=75)