رووداو - هەولێر
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی "تەواو و بێ مەرج" رازی بووە رێگە بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی بدات بگەڕێنەوە وڵاتەکەی و هۆشداری دایە تاران لە هەنگاونان بە پێچەوانەی رێککەوتنەکان.
رۆژی سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی، دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوەدەچن و رایگەیاند: "ئێران بە تەواوی رازی بووە بە بەرزترین ئاستی پشکنینی ئەتۆمی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن (بۆ هەمیشە!). ئەمە راستیی ئەتۆمی گەرەنتی دەکات."
کاتێک لەبارەی گوتەی بەرپرسانی ئێران بۆ رەتکردنەوەی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان پرسیاری لێکرا، ترەمپ لە واشنتن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوان هەڵەن، خۆشیان دەزانن هەڵەن. لە کۆبوونەوەکاندا ئەوەیان پێ گوتووین (کە پشکنەران دەتوانن سەردان بکەن) و ئێمەش 100٪ پشکنینمان دەبێت. ئەگەر ئەوان راست بکەن [کە رازی نەبن]، هەر ئێستا کۆبوونەوەکان هەڵدەوەشێنمەوە." سەبارەت بە کاتی گەیشتنی پشکنەرانیش، ترەمپ گوتی: "لە کاتی گونجاودا لەوێ دەبن."
تەنگەی هورمز و بازاڕی نەوت
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانە رۆژنامەڤانییەکەیدا گوتی، بەهۆی "سازشە گەورەکانی ئێران"ەوە بڕیاری داوە تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگیرێ، بەڵام هۆشداریشی دا کە "کەشتییە جەنگییەکانمان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە بۆ ئەوەی ئەگەر پێویست بکات گەمارۆکە کارا بکەینەوە، هەرچەندە پێناچێت پێویست بکات."
ترەمپ ئامارێکی نوێی خستەڕوو و گوتی: "دوێنێ 19 ملیۆن بەرمیل نەوت لە تەنگەی هورمزەوە دەرچووە، ئەمە گەورەترین بڕە لە مێژووی تەنگەکەدا. نرخی نەوتیش بە خێرایی دادەبەزێ و ئەمڕۆ گەیشتە 70 دۆلار. ئەمە سەرسوڕهێنەرە."
لە وەڵامی ئەو سیناتۆرانەی وەک تێد کرووز کە رەخنەیان لە رێککەوتنەکە هەیە، ترەمپ رایگەیاند کە پێگەی ئێران بۆ دانوستاندن زۆر لاوازە و گوتی: "ئێمە ئێرانمان خستووەتە دۆخێکەوە کە پێشتر کەس نەیتوانیوە ئەو کارە بکات. سوپاکەیان، سەرکردایەتییەکەیان و رادارەکانیان لەنێوچوون. ئیدی ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێرانیش، ترەمپ باسی لەوە کرد کە هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 300٪ و کێشەی خۆراک و دەرمانیان هەیە. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئەو پارەیەی لە ئێرانەوە دەردەچێت، دەدرێتە جووتیارانی ئەمریکا بۆ کڕینی گەنمەشامی، سۆیا و گەنم تا بینێرن بۆ ئێران، چونکە ئەوان کێشەی برسێتییان هەیە."
مەبەست لە قسەکانی ترەمپ تایبەت بە دانوستاندنەکان، کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەی نێوان شاندی ئەمریکی و شاندی ئێرانییە کە لە سویسرا بەڕێوەچوون.


