رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى ئیتاڵیا بە تووندى لێدوانەکانى سکرتێرى گشتیى ناتۆى رەتکردەوە کە گوتبووی سەدان فڕۆکەى ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانى نێو خاکى ئیتاڵیاوە بۆردوومانى ئێرانیان کردووە.
گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیرى بەرگریى ئیتاڵیا رۆژی چوارشەممە، 24ـى حوزەیرانى 2026، لە راگەیێندراوێکدا وەڵامى مارک رووتە، سکرتێرى گشتیى ناتۆى دایەوە و گوتی، حکومەتى وڵاتەکەى تەنیا رێگەى بە چالاکییە تەکنیکی و لۆجیستییەکان داوە، کە هیچ هێرشێکیان تێدا نەبووە.
کرۆسێتۆ رایگەیاند، ئیتاڵیا هەموو ئەو داواکارییانەى رەتکردووەتەوە کە بۆ هێرشى سەربازى بوون و وڵاتەکەى پابەندى دەستوور و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە.
رووتە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵى (فۆکس نیوز)ى ئەمریکی، رایگەیاندبوو 500 فڕۆکەى ئەمریکا لە بنکەکانى ئیتاڵیاوە فڕیون بۆ پشتگیریکردنى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکا دژى ئێران.
لێدوانەکانى مارک رووتە بووە هۆى دروستبوونی کێشەیەکى سیاسیى گەورە لە ناوخۆى ئیتاڵیا.
جۆزێپێ کۆنتێ، سەرۆکى بزووتنەوەى (پێنج ئەستێرە) و سەرۆکوەزیرانى پێشوو، داواى لە جیۆرجیا مێلۆنى، سەرۆکوەزیرانى ئیتاڵیا کرد بە پەلە بچێتە پەرلەمان و روونکردنەوە بدات.
لە هەمان کاتدا، هەندێک لە سەرکردەکانى ئۆپۆزیسیۆن پێیانوایە یان حکومەت راستى لە پەرلەمان شاردووەتەوە، یان سکرتێرى گشتیى ناتۆ زانیاریى هەڵەى داوە.
پەیوەندییەکانى نێوان مێلۆنى و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا پێشتریش بەهۆى رەتکردنەوەى بەشداریى ئیتاڵیا لە جەنگى دژى ئێران رووى لە ساردی کردبوو. ئیتاڵیا میوانداریى نزیکەى 120 بنکە و دامەزراوەى سەربازیى ئەمریکا دەکات، لەوانەش بنکەى (ئاڤیانۆ) لە باکوور و (سیگۆنێلا) لە سیسیلیا.
جەنگی ئێران کە لە کۆتایی مانگی شوبات دەستیپێکرد، بووە هۆی دروستبوونى جەمسەرگیری لەنێوان هاوپەیمانانی ناتۆ. لە کاتێکدا واشنتن گوشارى دەکرد بۆ پشتگیریى سەربازى، ئیتاڵیا و فەرەنسا رەتیانکردەوە ببنە بەشێک لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران.


