رووداو دیجیتاڵ سەبارەت بە پێدانی مافی دەستڕاگەیشتنی تورکیا بە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F-35) پرسیار لە ترەمپ کرا، ئەویش گوتی، ئەردۆغان "زۆر دڵخۆش دەکەم." سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، لەبەر رێزی بۆ سەرۆککۆماری تورکیا، بەشداری لە لووتکەی ناتۆی ئەنقەرە دەکات. رۆژی پێنجشەممە، 25-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەڤانێکدا کە ئایا ئەردۆغان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوێت و ئایا ئەو لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی ناتۆ لە مانگی داهاتوودا لە ئەنقەرە "جانتایەکی گەورەی دیاری" لەگەڵ خۆیدا دەبات، گوتی: "من پێدەچێت شتێک بکەم کە زۆر دڵخۆشی بکات." فڕۆکەی جەنگیی (F-35) کە فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی تارماییە [خۆدزینەوە لە رادار]، لە بنەڕەتدا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناتۆ کە تورکیاش ئەندامە تێیدا، لەژێر پرۆگرامێکدا بە ناوی (Joint Strike Fighter) پەرەی پێدراوە. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2019ـدا تورکیای لە پرۆگرامی پەرەپێدانی (F-35) دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو هاوپەیمانەی ناتۆ سیستمی بەرگریی مووشەکی لە رووسیا کڕی. لەوکاتەوەی دەستبەکاربووەتەوە، ترەمپ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆغان گەرمتر کردووەتەوە، هەرچەندە ئاماژەی بەوە نەکرد، ئایا ئامادەبوونی لە لووتکەی هاوپەیمانیی ناتۆدا سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا لەخۆدەگرێت یان نا. سەرەڕای قسەکەی ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی کۆمپانیای لۆکهید مارتن (F-35) بە تورکیا پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێسی ئەمریکا هەیە. ڤانس رایگەیاند، "ئەمە بەڕاستی بابەتێکی کۆنگرێسە، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کە تورکیا پابەندی یاسای ئەمریکی بووە، تاوەکو بتوانن فڕۆکەی F-35 بەدەستبهێنن."
جیهان25-06-2026ترەمپ چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاحی نەوت بە رووتاندنەوەی کڕیاران تۆمەتبار دەکات و فەرمانی لێکۆڵینەوە دەدات