رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دا کە سەپاندنی هەر جۆرە باج و رسووماتێک بەسەر ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار و ئەگەری دروستبوونی "ئاژاوەیەکی تەواوەتی" لێدەکەوێتەوە. لە بەرامبەردا، عومان رایگەیاند، لە دیوی خۆیەوە، هیچ رسووماتێک ناسەپێنێت.
لێدوانەکانی روبیۆ، لە گەشتێکیدا بۆ کەنداو، چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتن کە ئێران دووپاتیکردەوە، دەبێت کەشتییەکان پێش تێپەڕبوونیان مۆڵەت لە تاران وەربگرن.
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران دوای ئەوە دێت کە عومانی دراوسێی، رێڕۆیەکی نوێی کاتیی کەشتیوانی بەنێو تەنگەکەدا راگەیاند کە نزیکە لە کەناراوەکانی عومانەوە، بەڵام پێدەچێت ئێران ئەم هەنگاوەی رەتکردبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کەنداو لەگەڵ روبیۆ، رایگەیاند، هیچ رسووماتێکی تێپەڕبوون لە تەنگەکەدا ناسەپێندرێت. دواتریش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران "جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی" لەگەڵ عومان کردەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە بەحرێن، روبیۆ گوتی: "رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان موڵکی هیچ نەتەوە و دەوڵەتێک نین. ئەمە بنەمایەکی سەرەکییە لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە بێ ئەوە جیهان دەکەوێتە نێو ئاژاوەیەکی تەواوەتییەوە."
هەروەها گوتیشی: "لە راستیدا ئەگەر قبووڵی بکەین کە دەتوانیت پارە وەربگریت لە بەرامبەر بەکارهێنانی رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی تەنیا لەبەرئەوەی دەکەوێتە نزیک ناوچە ئاوییەکەتەوە، ئەوا ئەمە وەکو پەتایەک بەسەرانسەری جیهاندا بڵاودەبێتەوە."
داهاتووی تەنگەکە، کە رێگەیەکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی وزە و لە کاتی شەڕدا لەلایەن ئێرانەوە گەمارۆدرابوو، خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییە لە دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەیان.
تاران رایگەیاندووە، پلانی هەیە ئەوەی پێی دەڵێت "رسوماتی خزمەتگوزاریی دەریایی" (نەک باج) بسەپێنێت، لە کاتێکدا ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ئەوە رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و بۆیە نابێت هیچ پارەیەکی لێ وەربگیرێت.
سوپای پاسداران رایگەیاند: "تاکە رێڕەوی رێگەپێدراو بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا، ئەو رێڕەوەیە کە لەلایەن ئێرانەوە راگەیێندراوە." هەروەها لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، هەر تێپەڕبوونێک بەبێ مۆڵەت "قبووڵنەکراو و زۆر مەترسیدارە" و هۆشداریشیان دا کە "مامەڵە لەگەڵ" ئەو کەشتییانە دەکرێت کە پابەند نابن.
هەروەها پێدەچێت رەخنەشیان لەو رێڕەوە نوێیە گرتبێت کە لەلایەن عومانەوە راگەیێندراوە، بەڵام لەبری ئاماژەدان بە عومان، تەنیا باسیان لە "هەندێک دەسەڵات" کردووە. وڵاتی عومان کە دەکەوێتە دیوەکەی دیکەی تەنگەکە لە بەرامبەر ئێران، رایگەیاند، رێڕەوە نوێیەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی (IMO) کراوە، کە ئاژانسێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەرپرسیارە لە سەلامەتیی دەریایی. ئێستا تاکە رێڕەو کە لەلایەن ئێرانەوە رێگەی پێدراوە، بە کەناراوەکانی ئێراندا تێدەپەڕێت.
تەنگەی هورمز رووبەرێکی ئاویی تەسکە لەنێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو، کە بەگشتی نزیکەی 20٪ـی نەوتی خاو و گازی سرووشتیی شلی جیهان بەنێویدا تێدەپەڕێت. لە تەسکترین خاڵیدا، پانییەکەی تەنیا نزیکەی 30 کیلۆمەترە.
ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی هەفتەی رابردوو لەنێوان تاران و واشنتن واژۆ کرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەیان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت لە 60 رۆژی داهاتوودا کەشتییە بازرگانییەکان بێ بەرامبەر بە تەنگەکەدا تێپەڕن. لەگەڵ بەردەوامیی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، هێشتا روون نییە کە دوای ئەو ماوەیە چ رێکخستنێک جێبەجێ دەکرێت.
روبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەیان، بەڵام "نەک لەسەر حیسابی هەر باجێک بێت."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
