رووداو دیجیتاڵ
نوێترین ئاماری قوربانییانی ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزانەی رۆژی چوارشەممە ڤەنزوێلایان هەژاند، گەیشتە 920 مردوو. مردنی دەیان هاووڵاتیی بیانی لەنێو قوربانییەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە.
رۆژی شەممە، 27-06-2026، لایەنە فەرمییەکان ئاماری نوێی قوربانییەکانی بوومەلەرزەکانیان بڵاوکردەوە:
پۆرتوگال: 28 مردن و 85 بێسەروشوێن
وەزارەتی دەرەوەی پۆرتوگال رایگەیاند، تاوەکو ئێستا مردنی 28 هاووڵاتیی پۆرتوگالی یان کەسانی بە رەچەڵەک پۆرتوگالی لە بوومەلەرزەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە؛ هاوکات 85 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
چین: 7 مردن
کەناڵی فەرمیی (CCTV)ـی چین رۆژی شەممە، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە کاراکاس بڵاویکردەوە، حەوت هاووڵاتیی چینی لەنێو مردووەکاندان.
باڵیۆزخانەکە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ویچات (WeChat) داوای لە هاووڵاتییانی چینی لە ڤەنزوێلا کرد، رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر بەرامبەر پاشلەرزەکان و "کارەساتە لاوەکییەکانی دیکە.
ئیسپانیا: 5 مردن و 133 بێسەروشوێن
مانوێل ئالبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا رۆژی شەممە رایگەیاند، لانیکەم پێنج هاووڵاتیی ئیسپانی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بێسەروشوێنبووان بۆ 133 کەس بەرزبووەتەوە، کە زانیاری هەیە 14 کەسیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندان. ئیسپانیا کە هاوکاریی بە بڕی یەک ملیۆن یۆرۆ راگەیاندووە، تاوەکو 1ی کانوونی دووەم نزیکەی 147,000 هاووڵاتیی لە ڤەنزوێلا دەژیان.
بەڕازیل: 2 مردن
وەزارەتی دەرەوەی بەڕازیل، کە هاوسنوورە لەگەڵ ڤەنزوێلا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند دوو هاووڵاتیی وڵاتەکەی، پیاوێک و ژنێک، لەم کارەساتەدا گیانیان لەدەستداوە.
چیلی: 1 مردن
وەزارەتی دەرەوەی چیلی، کە میوانداریی بەشێکی زۆری رەوەندی ڤەنزوێلی دەکات، ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاند، یەک هاووڵاتیی چیلی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە و وەزارەتەکە پاڵپشتی و رێنوێنی پێشکەش بە خێزانەکەی دەکات.
ئیتاڵیا: 1 مردن
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا پشتڕاستیکردەوە، پیاوێک لە کاراکاس لەدایکبووە و خاوەنی هەردوو وڵاتینامەی ئیتاڵی و ڤەنزوێلی بووە، بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەک لە ناوچەی لا گوایرا گیانی لەدەستداوە. ئیتاڵیا دەڵێت نزیکەی 170,000 کەس کە خاوەنی پاسپۆرتی ئیتاڵین لە ڤەنزوێلا دەژین.



.jpg&w=3840&q=75)