رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت و بەحرێن؛ هۆشداریش دەدات کە هەر دەستدرێژییەکی دیکە "وەڵامێکی تێکشکێنەر"ـی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هێزەکانمان هەشت دامەزراوەی گرنگی سەربازیی ئەمریکایان لە بنکەی (عەلی سالم) لە کوێت و بنکەی دەریایی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە (مینای سەلمان) لە بەحرێن تێکشکاندووە."
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدان، تاران و واشنتن یەکتر بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستە تۆمەتبار دەکەن کە بە "لەرزۆک" ناودەبرێت و مەترسیی لەسەر ئەو دانوستاندنە دروست کردووە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە ناوچەکەدا.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران هاتووە: "هەر دەستدرێژییەکی دوژمن، بە هەر ناو و پاساوێک بێت، تەنانەت ئەگەر ئامانجێکی بچووکیش بێت... وەڵامێکی توند و تێکشکێنەری دەبێت."
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، لە نێوەراستی مانگی حوزەیراندا و بە نێوەندگیریی پاکستان، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئێران و ئەمریکا واژۆ کرا. لەو یاداشتنامەیەدا هەردوولا و هاوپەیمانەکانیان بەڵێنیاندا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی یەکتر ئەنجام نەدەن و هێز بەکارنەهێنن.
هەروەها لەو رێککەوتنەدا، ئێران رازی ببوو تەنیا بۆ ماوەی 60 رۆژ رێڕەوێکی ئارام و بێبەرامبەر بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزەوە بەرەو دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە دابین بکات. بەڵام ئەمڕۆ سوپای پاسداران رایگەیاند کە رێکاری نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆ لە تەنگەکە دەگرنە بەر و "بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەشتییانە دەکرێت کە سەرپێچی دەکەن."
رۆژی شەممە، سوپای ئەمریکا بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک بۆردومانی چەند ئامانجێکی لەنێو خاکی ئێران کرد، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە تەنگەی هورمز کە ئەمریکا، ئێرانی پێ تۆمەتبار کردبوو.
سوپای پاسداران رۆژی پێنجشەممەی رابردووش هۆشداری دابوو کە رێگە نادەن هیچ کەشتییەک بێ مۆڵەتی ئەوان بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتی عومان پێشنیاری رێڕەوێکی جێگرەوەی بۆ کەشتییەکان کردبوو. لە ئێستادا ئێران تەنیا رێگە بە تێپەڕین لەو رێڕەوە دەدات کە بەدرێژایی کەناراوەکانی وڵاتەکەیدا دەڕوات.



