رووداو دیجیتاڵ
تەلیسکۆپی بۆشایی ئاسمانیی یوکلید - Euclid کۆنترین "کوەیزار"ەکانی گەردوونی دۆزیوەتەوە، کە دەبنە هۆی ئاڵۆزتربوونی نهێنییەک کە تاوەکو ئێستا زانایانی تووشی دۆشدامان کردووە.
نیمچەستێر یان کوەیزار (Quasar) چییە؟
نیمچەستێر یان کوەیزارەکان بریتین لەو چاڵە رەشە زەبەلاحانەی لە نێوەڕاستی گەلەئەستێرە سەرەتاییەکاندا دروستبوون، کە هەموو ئەو ماددە و گازانەی دەوروبەریان قوتدەدەن. ئەم پرۆسەیە هێندە بەهێزە، رووناکییەک دەردەدات کە ترلیۆنان جار لە خۆری ئێمە درەوشاوەترە. لەبەر ئەوەی زۆر درەوشاوەن، زانایان دەتوانن لە دوورییەکی یەکجار زۆرەوە بیانبینن. لە گەردوونناسیدا، بینینی شتێکی زۆر دوور، واتە بینینی رابردووی گەردوون.
دۆزینەوە نوێیەکە چییە؟
رۆژی دووشەممە 6ـی تەممووزی 2026، تیمێکی نێودەوڵەتی لە زانایانی گەردوونناسی بڵاویانکردەوە کە لەرێگەی تەلیسکۆپی یوکلیدی سەر بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەورووپاوە، 31 کوەیزاریان دۆزیوەتەوە، لەنێویاندا دوو کۆنترین کوەیزار کە تاوەکو ئێستا بینرابن.
تەلیسکۆپی یوکلید لە دووریی 1.5 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە جێگیرکراوە.
رووناکیی ئەو دوو کوەیزارە کۆنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە تەمەنی گەردوون تەنیا 670 ملیۆن ساڵ بووە، واتە تەنیا 5٪ی تەمەنی ئێستای گەردوون کە 13.8 ملیار ساڵە. ئەمەش ژمارە پێوانەیییەکەی پێشووتر دەشکێنێت کە لە ساڵی 2021 دۆزرابووەوە، بە جیاوازیی 20 ملیۆن ساڵ کۆنترە.
دامینگ یانگ، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی لەیدن لە هۆڵەندا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، لە ماوەی تەنیا 2 ساڵدا دوای هەڵدانی لە ساڵی 2023ـدا، تەلیسکۆپی یوکلید توانیویەتی ژمارەی ئەو کوەیزارە کۆنانەی دوو هێندە بکات کە زانایان دەیانناسن.
کێشەکە چییە و بۆچی زانایان سەری لێ دەرناکەن؟
ئەم نیمچەستێر یان کوەیزارانە دەگەڕێنەوە بۆ قۆناخێک کە پێی دەگوترێت سەردەمی دروستبوونی یەکەمین ئەستێرە و گەلەئەستێرەکان (کۆتاییهاتنی سەردەمی تاریکیی گەردوون). یانگ دەڵێت: "ئێمە دەتوانین کوەیزارەکان وەک لایت هاوس (چرای دەریایی) بەکاربهێنین بۆ لێکۆڵینەوە لەو گازەی دەکەوێتە نێوان ئێمە و ئەوانەوە."
بەڵام کێشەکە ئەوەیە چۆن دەبێت لە سەرەتای دروستبوونی گەردووندا، تەنێکی هێندە زەبەلاح دروست بووبێت!
جۆزێف هێناوی، یەکێکی دیکە لە توێژەرەکان روونیدەکاتەوە: "هەر هەنگاوێک کە دەگەڕێینەوە بۆ رابردوو، مەتەڵەکە ئاڵۆزتر دەبێت. ئەم دڕندانە کە کێشیان ملیاران جار لە خۆر قورسترە، چۆن توانیویانە لەو کاتەدا هەبن کە گەردوون هێشتا ساوا بووە؟ ئێمە هێشتا تێناگەین چۆن هێندە بەخێرایی گەورە بوون."
هەنگاوی داهاتوو چییە؟
بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکە، زانایان بەدوای کوەیزاری کۆنتردا دەگەڕێن. تەلیسکۆپی زەبەلاحی جەیمس وێبـیش سەیری ئەم کوەیزارە نوێیانەی کردووە و بەم زووانە زانایان داتاکانی شیدەکەنەوە بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن "تۆمارێکی مێژوویی یەکەمین ملیار ساڵی گەردوون" دروست بکەن و لەم نهێنییە تێبگەن.



