رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی کاری ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2025ـدا 110 هەزار دۆسیەی ساختەکاری و فێڵکردن لە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتڕاستکراونەتەوە؛ هەروەها لە 377 دۆسیەدا سەلمێنراوە کە ساختەکارییەکە لەلایەن گرووپە تاوانکارییە رێکخراوەکانەوە کراوە.
ئەو گوتەبێژە رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ بڕیاری داوە کۆتایی بە فێڵکردن لە سیستمی کۆمەڵایەتی بهێنێت، ئینجا لە ناوخۆ بێت یان لە دەرەوەی وڵاتەکە.
بە گوتەی ئەو گوتەبێژە، لە ماوەیەکی نزیکدا پلانی کار دژی ئەو ساختەکارییانە دەخرێتەڕوو.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کاری ئەڵمانیا هەروەها گوتی، رێژەی فێڵکردن بەراورد بە ساڵی 2024 بە 6.8٪ زیادی کردووە.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە رووداوی راگەیاندبوو، خراپبەکارهێنانی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە بارگرانی بۆ سەر بودجەی گشتی.
گوتەبێژەکە هەروەها گوتی: "لە ساڵی 2025ـدا سەنتەرەکانی کار سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی هاوکارییەکان 133 هەزار و 640 دۆسیەی نوێیان کردووەتەوە و 131 هەزار و 872 دۆسیەیان یەکلایی کردووەتەوە. لە 110 هەزار دۆسیەدا گومانی فێڵکردن پشتڕاستکراوەتەوە یان لەسەر بنەمای گومانێکی بەهێز، سکاڵای تاوان تۆمارکراوە."
لە 377 دۆسیەدا ساختەکارییەکە بە شێوەیەکی رێکخراو کراوە، بەڵام گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی دەکرێ ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر بێت.
توندکردنی یاسا دژی ساختەکاران
وەزارەتی کار رایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی هێزەکانی پێکهێنەری حکومەت، ئەوان دەیانەوێ کۆتایی بە فێڵکردن لە سیستمی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە بهێنن و هەوڵەکان بۆ خراپ بەکارهێنانی سیستمەکە کەم بکەنەوە.
حکومەتی فیدراڵ بڕیاری داوە هاوئاهەنگیی نێوان دامەزراوە جیاوازەکان بەهێز بکات، لەوانەش دامەزراوەی کۆمەڵایەتی، فەرمانگەی نشینگەی بیانییەکان، فەرمانگەی تۆمارکردن، دارایی، دەزگای ئەمنی، دامەزراوەی تەلارسازی، فەرمانگەی باجی فیدراڵ و سندووقەکانی دڵنیایی تەندروستی.
شێوازەکانی فێڵکردن چین؟
گوتەبێژی وەزارەتی کار سەبارەت بە باوترین شێوازەکانی ساختەکاری کە لەلایەن دامەزراوەکانی کارەوە ئاشکرا کراون، گوتی: "شاردنەوەی داهات و سامان (بۆ نموونە لە رێگەی کاری رەش یان شاردنەوەی موڵکە تۆمارنەکراوەکان و ئۆتۆمبێل)، پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە تێچووی نیشتەجێبوون و زانیاریی ئەو کەسانەی لەناو خێزانەکەدا دەژین (وەک تۆمارکردنی ناونیشانی ساختە یان شاردنەوەی داهاتی هاوژینەکان)."
هەروەها ئاماژەی بە ساختەکارییە رێکخراوەکان کرد کە لە رێی نیشتەجێکردنی کەسانێک لە باڵەخانە وێرانەکاندا یان لە رێی گرێبەستی کاری ساختە، هاوکارییەکانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاردەهێنن.
وەزارەتی ناوخۆ: ساختەکاری بارگرانییە بۆ دەوڵەت
هەروەها گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رۆژی 6ـی تەممووز سەبارەت بە هەمان بابەت بە رووداوی راگەیاند، فێڵکردن لە هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بارێکی گران دەخاتە سەر بودجەی گشتیی وڵات.
ئەو گوتەبێژە رایگەیاند، فێڵکردن و خراپ بەکارهێنانی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان، متمانە و پشتگیریی رای گشتی بۆ ئەو سیستمە دەخاتە مەترسییەوە کە ئەمەش شکۆ و کارکردنی سیستمی پشتگیریی دەوڵەت لاواز دەکات.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)