رووداو دیجیتاڵ کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی باڵاترین نیشانەی رێزلێنانی مەدەنیی کۆماری ئیتاڵیا و رایدەگەیێنێت، ئەو خەڵاتە بەڵگەیەکی روونە لەسەر سیاسەتە ناوازەکەی هەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیان و سەقامگیری. رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پێبەخشینی مێدالیای "سوارچاکی خاچی مەزن" کە باڵاترین رێزلێنانی ئیتاڵیایە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەرگرتنی ئەم خەڵاتە مەزنە کە بەپێی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی 2011ـی ئیتاڵیا رێکخراوە و راستەوخۆ بە بڕیاری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەبەخشرێت، بەڵگەیەکی روونە لەسەر سیاسەتە ناوازەکەی هەرێمی کوردستان کە هەرێمی کوردستانی کردووەتە نیشتمانی ئارامی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و سەقامگیری." کۆنفیدراسیۆنەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە وەک رەوەندی کوردستانی لە سەرانسەری جیهان، زۆر شانازی بەو دەستکەوتە دیپلۆماسییە گەورەیەوە دەکەن و دەڵێت: "بینینی ناوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ریزی ئەو سەرکردە و کەسایەتییە کاریگەرانەی جیهان کە ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە هەوڵە بەردەوامەکانتان لەپێناو گفتوگۆ و ئاشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەورووپا، بەرهەمی زێڕینیان هەبووە." لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ نێچیرڤان بارزانی خواستووە "لە خزمەتکردنی زیاتری گەل و نیشتمان و بەرزکردنەوەی ناوی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا."