رووداو دیجیتاڵ سەرەکیترین کۆمپانیای دابینکردنی وزە لە فەرەنسا رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی گەرمای بەتین کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە، سێ کوورەی ئەتۆمی بە شێوەیەکی کاتی داخراون و هەشت کوورەی دیکەش بە توانایەکی کەمترەوە کاردەکەن. رۆژی یەکشەممە 12-07-2026 کۆمپانیای وزەی فەرەنسی (EDF) رایگەیاند، "بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و بۆ پابەندبوون بە رێساکانی پەیوەست بە بەتاڵکردنەوەی ئاوی ساردکەرەوەکان و بۆ پاراستنی ژینگە،" کوورەی وێستگەکانی (گۆڵفێش)، (بوجی) و (شۆز) کە دەکەونە سەر کەناری رووبارەکانی (گارۆن، رۆن و مۆز) داخراون. ئەم رێکارە پێویستییەکی ژینگەییە بۆ رێگریکردن لە رشتنی بڕێکی زۆری ئاوی گەرم بۆ ناو ئەو رووبارانەی کە بەهۆی گەرماکەوە پلەی گەرمییان بەرزبووەتەوە. وێستگەکانی کارەبا کە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی وڵاتەکە گرنگن، ئاوی رووبارەکان بۆ ساردکردنەوەی کوورەکانیان بەکاردەهێنن، دواتر ئاوە گەرمەکە دەڕژێننەوە ناو رووبارەکە. وەزارەتی ئابووریی فەرەنسا رۆژی شەممە لێخۆشبوونێکی تایبەتی بۆ سنووردارکردنی پلەی گەرمای رووباری رۆن لە دەوروبەری وێستگەی بوجی دەرکرد بە مەبەستی "مسۆگەرکردنی ئاسایشی تۆڕی کارەبا،" ئەم مۆڵەتە تاوەکو 20ـی تەممووز کارا دەبێت. ئەمە دووەمجارە لە چەند هەفتەی رابردوودا، کۆمپانیای (EDF) ناچار بێت کارکردنی کوورە ئەتۆمییەکان بەهۆی گەرمای تووندەوە رابگرێت، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا شەپۆلێکی گەرمای پێوانەیی فەرەنسای گرتبووەوە. رۆژی یەکشەممە، سێیەمین شەپۆلی گەرما لە مانگی ئایارەوە فەرەنسای گرتەوە، کە تێیدا زیاتر لە سێیەکی وڵاتەکە کەوتە ژێر بەرزترین ئاستی هۆشداریی گەرمای ئاژانسی کەشوهەوای نیشتمانی. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لە گەرمای بەتیندا دەژین کە پێشبینی دەکرێت بگاتە 41 پلەی سیلیزی. ئەم شەپۆلە گەرمایە بووەتە هۆی زوو داخستنی شوێنە گەشتیارییەکان، هەڵوەشاندنەوەی بۆنەکان و کورتکردنەوەی قۆناخێکی پێشبڕکێی پاسکیلسواریی (تور دی فرانس). هەروەها ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بەربڵاو بووە و حاڵەتەکانی خنکان لە ئاودا زیادیان کردووە.