رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، بڕیارە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ رەوەندی کریستیانی عێراقی لەو وڵاتە و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا کۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووز، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ویلایەتی میشیگن لەگەڵ نوێنەرانی رەوەندی کریستیانی عێراقی لەو وڵاتە کۆببێتەوە.
دوای ئەو دیدارە، بڕیارە عەلی فالح زەیدی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا کۆببێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە عەلی فالح زەیدی بە یاوەریی شاندێک کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان تییدا بەشدارن ، بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت.
لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس، عەلی فالح زەیدی لەبارەی ئەو سەردانە رایگەیاند، دەیانەوێت بەهێزیی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بگەیێننە هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنانی راستەقینە و مەودای زیاتر بڕەخسێنن بۆ هاریکاری لە بواری وزە، تەکنەلۆژیا و ژێرخان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئامانجیان روونە کە ئەویش راکێشانی وەبەرهێنان، گواستنەوەی ئەزموون، فرەچەشنکردنی ئابووری و رەخساندنی دەرفەتی کارە.




