رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دەربڕیوە بۆ هێرشی سەربازی دژی حوسییەکان. ئەم هەنگاوە مەترسیی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستی چوار ساڵەی یەمەن و فراوانبوونی شەڕی نێوان واشنتن و تارانی لێدەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، هەفتەی رابردوو سعودیە نیگەرانیی خۆی لە دۆخی یەمەن گەیاندووەتە ئەمریکا. رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کردووە؛ لەو پەیوەندییەدا شازادەی جێنشین داوای پشتگیریی واشنتنی کردووە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی حوسییەکان و ترەمپیش رەزامەندیی نیشانداوە.
فڕۆکە ئێرانییەکە و دەسپێکردنەوەی شەڕ
ئاڵۆزییەکان 10 رۆژ لەمەوبەر دەستیانپێکرد، کاتێک فڕۆکەیەکی کۆمپانیای (مەهان ئێر)ی ئێرانی، کە سەر بە سوپای پاسدارانە، لە فڕۆکەخانەی سەنعا نیشتەوە. ئەمە یەکەم گەشتی ئاسمانی بوو لە ئێرانەوە بۆ سەنعا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا. فڕۆکەکە شاندێکی حوسییەکانی بۆ بەشداریکردن لە پرسەی عەلی خامنەیی گواستەوە بۆ تاران.
رۆژی دووشەممە، کاتێک فڕۆکە ئێرانییەکە لە تارانەوە بەرەو سەنعا دەگەڕایەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە فڕۆکەخانەی سەنعایان بۆردوومان کرد و رێگەیان نەدا بنیشێتەوە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، فڕۆکەکە چەک، پارچەی مووشەک و پسپۆڕی سەربازیی ئێرانی تێدابووە.
وەڵامدانەوەی حوسییەکان
دوای بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا، حوسییەکان، لەوەڵامدا بە چەندین مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی (ئەبها) لە باشووری رۆژئاوای سعودیە. هەروەها هۆشدارییان داوەتە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ سعودیە رابگرن، چونکە ئاسمانی ئەو وڵاتە چیدی ئارام نییە.
جەنگی یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە بەردەوامە، بەڵام لە ساڵی 2022ـەوە ئاگربەستێکی نافەرمی لە نێوان سعودیە و حوسییەکاندا هەبوو. ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026ـەوە دەستیپێکردووە و ناوچەکە لە قۆناخێکی زۆر مەترسیداردایە. هەڵگیرسانەوەی شەڕی یەمەن گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر رێڕۆ ئاوییەکانی دەریای سوور و ئەگەری هەیە بەرەی شەڕی نێوان واشنتن و تاران فراوانتر بکات.


