رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە، "پێویستە دەست بکات بە کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و هەمان هەنگاویش لە لوبنان بنێت؛" ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە پشتی بە زانیاریی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و ئیسرائیلی بەستووە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە نەتەنیاهوو کردووە، هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی سووریا و لوبنان بکشێنێتەوە کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندان.
"ئەوان ئێوەیان لەوێ ناوێت"
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی گوتووە، ترەمپ بە نەتەنیاهووی گوتووە، بوونی سوپای ئیسرائیل لەناو خاکی سووریا بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و دەکرێت دۆخەکە بەرەو تەقینەوە ببات. ترەمپ بە راشکاوی بە نەتەنیاهووی گوتووە، "ئەوان ئێوەیان لەوێ ناوێت. دەبێت هێزەکانت بکشێنیتەوە." هەروەها هەمان پەیامیشی بۆ باشووری لوبنان هەبووە.
لە بەرامبەردا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، نەتەنیاهوو جەختی لەسەر "پێویستیی هەبوونی ناوچەی ئارام لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل" کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی هاوشێوەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023.
گرێکوێرەی سیاسیی نەتەنیاهوو
ئەم گوشارە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە، تەنیا سێ مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ماوە، کە بۆ نەتەنیاهوو وەک پرسێکی "مان و نەمان" وایە. چاودێران پێیان وایە نەتەنیاهوو لەم کاتەدا هیچ هەنگاوێکی جیدی بۆ کشانەوە نانێت، چونکە بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانە تووندڕەوەکانی لە حکومەت نەک هەر دژی کشانەوەن، بەڵکو داوای دروستکردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوونی جوولەکە لەو ناوچانە دەکەن.
سووریا؛ دوای رووخانی ئەسەد
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە تەنیا یەک رۆژ دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا لە ئەنقەرە دێت. ئیدارەی ترەمپ مانگانێکە هەوڵدەدات رێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان ئیسرائیل و سووریا واژۆ بکرێت، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی نەتەنیاهوو نایەوێت سازش بکات، بەتایبەتی کشانەوە لەو ناوچانەی دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 ئیسرائیل دەستی بەسەردا گرتوون.
لە هەفتەکانی رابردوودا، لە چەند ناوچەیەکی باشووری سووریا، هاووڵاتییانی سووری خۆپێشاندانیان دژی بوونی سوپای ئیسرائیل کردووە و پێکدادان لەنێوان هەردوولادا روویداوە.
دۆخی لوبنان
سەبارەت بە لوبنانیش، رۆژی سێشەممە نێوەندگیرانی ئەمریکا لە رۆما لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل و لوبنان کۆبوونەوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێک. بەپێی ئەو رێککەوتنە، دەبێت ئیسرائیل لە دوو "ناوچەی ئەزموونی" لە باشووری لوبنان بکشێتەوە، تاوەکو سوپای لوبنان لەوێ جێگیر ببێت. ئەمەش وەکو تاقیکردنەوەیەک بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی دیکەش.
ئیسرائیل کشانەوەکەی دواخستووە بەو بیانووەی دەبێت دڵنیا ببێتەوە کە حیزبوڵڵا هیچ چەک و ژێرخانێکی سەربازیی لەو ناوچانەدا نەماوە، بەڵام لایەنی لوبنانی دەڵێت، دەبێت سوپای ئەمریکا بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات و کاتێکی دیاریکراو بۆ کشانەوە دابنرێت.
کاردانەوەی فەرمی
کۆشکی سپی رەتیکردەوە لێدوان لەسەر ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بدات، بەڵام هەواڵەکەشی رەتنەکردەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە "ئەکسیۆس"ی گوتووە، "سەرۆک ترەمپ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ نەتەنیاهوو هەیە و ئیسرائیل هەمیشە هاوپەیمانێکی گەورە بووە. هیچ کەس هێندەی ترەمپ دۆستی ئیسرائیل و خەباتکار بۆ ئاشتی نەبووە."
چی دەربارەی ئامادەیی ئیسرائیل لە سووریا و لوبنان دەزانیت؟
باشووری سووریا: دوای ئەوەی لە کۆتایی 2024دا رژێمی بەشار ئەسەد رووخا، ئیسرائیل بە پاساوی پاراستنی سنوورەکانی و رێگریکردن لە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، چەندین کیلۆمەتر چووە ناو خاکی سووریاوە.
باشووری لوبنان: ئیسرائیل بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی داگیرکردووە دوای ئەو جەنگەی کە ئامانج لێی دوورخستنەوەی حزبوڵڵا بوو لە سنوورەکانی، ئێستا پرسی رادەستکردنی ئەم ناوچانە بە سوپای لوبنان گرێکوێرەی سەرەکیی دانوستانەکانە.
هەڵوێستی ترەمپ: ترەمپ دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستکەوتێکی دیپلۆماسی گەورە (وەک کۆتاییهێنانی یەکجاریی جەنگەکان) تۆمار بکات، ئەمەش وایکردووە گوشارەکانی بۆ سەر نەتەنیاهوو زیاتر بکات.



