رووداو دیجیتاڵ دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەسانی چەکدار چوونەتە سەر کەشتییەک لە کەنداوی عەدەن؛ هاوکات لە نزیک کەناراوەکانی عومانیش کەشتییەکی دیکە کراوەتە ئامانج. رۆژی هەینی، 17-07-2026، دەستەی (UKMTO) رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی رووداوێک لە دووریی 120 کیلۆمەتر لە باشووری شاری ئەلموکەلای یەمەن. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "کەسانی چەکداری رێپێنەدراو لە کەنداوی عەدەن چوونەتە سەر کەشتییەکە" و ئێستا هێزە دەریاییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن. هەر ئەمڕۆ هەینی، رووداوێکی دیکە لە نزیک کەناراوەکانی عومان تۆمارکرا. تەنێکی نەناسراو بەر لای چەپی کەشتییەکی گواستنەوەی سووتەمەنی کەوت کە لە دووریی 35 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی ناوچەی خەسەب بووە. هەرچەندە زیانی ماددی بەر کەشتییەکە کەوتووە، بەڵام تیمەکەی سەلامەتن و گەشتەکەیان بەردەوامە. ئەم دوو هێرشەی ئەمڕۆ، درێژکراوەی زنجیرەیەک پێکدادانی سەربازین کە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا رێڕەوە ئاوییەکانی ناوچەکەیان گرتووەتەوە: 13ـی تەممووز: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە رۆژهەڵاتی عومان بە مووشەک پێکرا؛ هاوکات شەش بەلەمی چەکدار هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی دیکە لە باشووری عەدەن. 11ـی تەممووز: کەشتییەکی گواستنەوەی کۆنتێنەر لە نزیک عومان بەهۆی هێرشێکی قورسەوە ئاگری گرت و وێران بوو، تیمەکەی ناچار بوون کەشتییەکە جێبهێڵن. 7ـی تەممووز: سێ کەشتیی جیاواز (غازی شل، نەوت و بازرگانی) لە یەک رۆژدا لە تەنگەی هورمز و کەناراوەکانی ئیمارات و عومان بە مووشەک پێکران. 5ـی تەممووز: کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای سوور (باشووری حودەیدە) رووبەڕووی هێرشی چەکداری بووەوە. ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانە هاوکاتن لەگەڵ گەڕاندنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران. لە کاتێکدا واشنتن بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی ژێرخانی سەربازیی تاران، گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان چڕکردووەتەوە. راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران بەردەوام بن، ئەگەری هەیە حووسییەکان فەرمانی داخستنی تەنگەی ستراتیژیی "باب ئەلمەندەب" جێبەجێ بکەن، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر پەکخستنی تەواوەتیی بازرگانیی جیهانی دروست دەکات.